2017-11-25

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی وڵاتەکەی زیاتر لە ٣٣ ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆیە.

رۆژی شەممە ٢٥/١١/٢٠١٧، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە بەپێی یاسا، بانکی ناوەندیی عێراق ناتوانێ راستەوخۆ دراو بکڕێت یان بە قەرز بیداتە حکوومەت.

عەلی عەللاق ھەروەھا رایگەیاندووە، ئێستا حکوومەتی عێراق ٤٠ تریلیۆن دینار ( زیاتر لە ٣٣ ملیار دۆلار) قەرزاری ناوخۆی وڵاتەکەیەتی.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بانکەکە ناتوانێ راستەخۆ قەرز بە حکوومەتی عێراق بدات، بەڵکو بەبێ وەرگرتنی دەستھەقی گواستنەوە و حەوالە قەرز دەداتە بانکە حکوومیییەکان و دواتر لێیان دەکڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان حکوومەتی عێراق ھێڵی سووری قەرزوەرگرتنی تێپەڕاندووە و قەرزە نێودەوڵەتییەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٣ ملیار دۆلار.

زۆرینەی داھاتی عێراق لە پڕچەککردنی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خەرج دەکرێت و بەھۆی بڵاو بوونەوەی گەندەڵیی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەنێو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و دزی گەورە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان، سەرەڕای زۆریی داھات، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ھاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی عێراق دابین نەکراوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌