خهبات: فاتیح بەرزنجی
هەموو ساڵێك بەبۆنەی لەدایكبوونی پێشەوای ئیسلام حەزرەتی "محەمەد" د،خ فەخری كائینات ئەو یادە لەسەرتاسەری جیهان دەكرێتەوە، لەمزگەوت و تەكیەو خانەقاكان و لە هەندێ لەماڵەكانیش بەو بۆنە پیرۆزە ئەو یادە دەكرێتەوە و ساڵانە چەند رۆژێك بەر لەهاتنی ئەویادە بە سەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و بە هاوكاری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام و ئەوقافی هەولێر كۆبوونەوە لە پارێزگا سازدەكرێت بۆئەوەی لیژنەی باڵای فیستیڤاڵی پایتەخت ئامادەكاری بۆئەو فیستیڤاڵە بكات كە ساڵانە لەسەر قەڵای هەولێر سازدەكرێت.
هاووڵاتیان و كاسبكاران خۆیان بۆ ئەو یادە پیرۆزە ئامادە كردبوو
هەموو ساڵێك چەند رۆژێك بەر لەهاتنی یادی لەدایكبوونی پێشەوای ئیسلام "موحەمەد" د،خ لەسەر بێت بە باشترین شێواز خۆیان بۆئەو یادە ئامادە دەكەن. دەربارەی چۆنیەتی خۆ ئامادە كردنی ئەو یادە ئەو راپۆرتە مەیدانیەمان ئەنجامدا و راو سەرنجی ژمارەیەك لە كاسبكاران و هاووڵاتیانمان لە ناو بازاڕ وەرگرت:
"حاجی عیرفان نەجاڕ"لەناو بازاڕی گەورەی هەولێر گوتی: هەموو ساڵێك ئێمەی كاسبكارانی ناو بازاڕبە جۆش و خرۆشەوە بە باشترین شێواز خۆمان بۆ یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری مەزن "موحەمەد" د،خ لەسەر بێت ئامادە دەكەین و پارە لەناو خۆمان كۆدەكەینەوە و لەمزگەوت شیرینی و كەل و پەل بۆئەو یادە دەكڕین.
"حاجی كەمال قەساب" گوتی: هەموو ساڵێ لەهەولێر ئەو یادە بەرز و پیرۆز رادەگرین و شیرینی دەكڕین و دابەشیدەكەین و یادەكە بۆتە نەریتێك لەناو خەڵكی ئەوشارە دێرینە و ئێمەی كاسبكاران هەر لەبەیانیەوە خەریكی ئەو فیستیڤاڵەن تادرەنگانی ئێوارە یادەكە درێژەی هەیەو بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەموسوڵمانانی جیهان و كوردستان دەكەین.
"حاجی فەهمی بەزاز": هەر بەرز و پیرۆز بێت یادی لەدایكبوونی حەزرەتی موحەمود فەخری كائینات د،خ لەسەر بیت، لێرەوە لەرێگەی رۆژنامەكەتانەوە پڕبەدڵ پیرۆزبایی لە هەموو موسوڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەین.
"سەرباز"ی پێڵاو فرۆش گوتی: بۆ ئەو یادە پیرۆزە هەموو كاسبكارانی ناو بازاڕ خۆشحاڵین بەو یادە پیرۆزەو شیرینیمان ئامادەكرد و دابەشی سەر هاووڵاتیانی دەكەین و دوعای خێر بۆ كوردستانەكەمان دەكەین كە لە تەنگژە ئابووریە رزگاریان بێت.
"دلۆڤان خەسرۆ" دوكانداریش گوتی: ناو بازاڕ بەجوانترین شێواز بە دروشمی جۆراوجۆری ئایینی رازێنرابۆوە و لەمزگەوتەكان بە تەواشیحی ئایینی ئەو یادە بەرێكوپێكی بەڕێكرا.
ماموستا "مەلا مازن" گوتی: هەموو ساڵێك لەمزگەوتەكانی شاری هەولێر ئەو یادە زۆر بە رێكوپێكی دەكرێتەوە و مزگەوتەكان جمەیان دێت لە خەڵكی موسوڵمان و بەشداری لەو یادە پیرۆزە دەكەن. "حاجی جەمیل"ی تەمەن 65 ساڵان گوتی: لە شاری هەولێر هەر لەدێر زەمانەوە لەیادی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی "موحەمەد" د،خ لەسەر بێت لە تەكیەو مزگەوت و خانەقاكانی شاری هەولێر ئەو یادەیان بەرز و پیرۆز راگرتووە و شیرینیان دابەشدەكرد و بەدەم وتاری ئایینی و خوێندنەوەی سروودی ئاینی یادەكەیان زیاتر گەرمتر دەكرد.
"حاجی كەریمی" تەمەن 60 ساڵان گوتی: ئێمە لەو شارە كۆن و دێرینە زۆر بە تێر و تەسەلی ئەو یادەمان دەكردەوە لە ساڵانی زوو هەولێر وەكو ئێستا جەنجاڵ نەبوو شاری هەولێر ژمارەی گەڕەكەكانی كەم بوو لە مزگەوتەكان زۆربەی مامۆساتایانی ئاینی كۆدەبوونەوەو بەدەف لێدان و سروودی ئاینی ئەو یادەیان بەرز و پیرۆز رادەگرت و تا درەنگانی ئێوارە یادەكە درێژەی دەبوو. "حاجی ساڵح"ی تەمەن 67 ساڵان گوتی: خۆزگەم بە ساڵانی زوو چونكە لە ساڵانی حەفتاو هەشتاكان شاری هەولێر وەكو ئێستا نەبوو مەولودی پێغەمبەری د،خ لەسەر بێت زۆر خۆشتر و بەجۆشتر بوو، هەرچەندە ئێستاش ئەم یادە پیرۆزە هەر بە زیندوویی ماوەتەوە.
دواتر هەر بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر د،خ لەسەر بێت سەردان یەكێتی زانایانی ئایینیمان كرد. دكتۆر "عەبدوڵڵا مەلا سەعید" سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لەكوردستان بۆ خەبات روونیكردەوە: سەرەتا بەبۆنەی مانگی مەولود و یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام د،خ لەسەر بێت پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم موسوڵمانانی كوردستان بەبۆنەی ئەو یادەپیرۆزەوە دەكەم. لەهەمانكاتیشدا ساڵانە لەكوردستان هاووڵاتیانی كوردستان بەسەرجەم پێكهاتەكان ئەو یادە بەرز و پیرۆز رادەگرن، بەتایبەتی لەشاری هەولێر ئەمساڵیش بەرنامەی جۆرا و جۆر هەیەبۆ پێشوازیكردن لەو یادە پپیرۆزە و لە مزگەوتەكان و لە تەكیە و خانەقاكان و شوێنە گشتیەكان ئەو یادە بەرز و پیرۆز رادەگرن، بەتایبەتی لە شاری هەولێر و لەو رۆژەدا مامۆستایانی ئایینی چاودێری ئەو پڕۆسە پیرۆزە دەكەن، بۆئەوەی هەموومان بەتێكڕا ئەویادە پیرۆزە سەرپەرشتیبكەین.
ئێمە لەویادە پیرۆزە پێویستیمان بەوەیە تاسوود لە رەفتار و كردارە بەرزەكانی پێغەمبەری خوا حەزرەتی "موحەمەد" د،خ لەسەر بێت وەربگرین تا لەرۆژگاریكی وەكو ئەمڕۆ پێویستیمان بە یەكڕیزی و تەبایی و برایەتی و یەكتر قبوڵكردن هەیە بۆپتەوكردنی یەكڕیزی ناو پێكهاتەكانی ناو كۆمەڵگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێز و حورمەتێكی زۆر لەو یادە پیرۆزە دەگرێت و ساڵانە لەكوردستان ئەو یادە بەرز و پیرۆز راگیراوە و ئەمساڵیش لەسەرجەم مزگەوتەكان و تەكیەو خانەقاكان و شوێنە گشتیەكان ئەو یادە دەكرێتەوە.