2017-12-04

 لە دیداریدا لەگەڵ (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارە بکرێن.

ئەمڕۆ (مەسروور بارزانی)  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (یان کۆبیش) نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.

لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوو کرا. لەم بارەیەوە (یان کۆبیش) جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت.
نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارە بکرێن.
لە بەرانبەردا (مەسروور بارزانی) وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی دا کە لە پێناو دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسییەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاووڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەڕێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێکبخرێت.
(مەسروور بارزانی) گوتی، لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێکردنی دەستورە، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌