2017-12-05

  بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق ڕایگەیاند، تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكان لە داقووق خەریكە دەبێتە دیاردە و، جگە لەوەیش بەردەوام ماڵی عەرەب ھاوردەی داقووق دەكرێن، بەپێی دوایین ئاماریش تاوەكو ئێستا ٨٠٠ خێزان ھاوردە كراون و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی كوردەكاندا گرتووە.

رائید (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا شەوانە تەقینەوە لە داقووق دەكرێن و خانووی ھاووڵاتیان كورد لە رێگەی بۆمبەوە دەتەقێندرێنەوە، پێش چەند رۆژێكیش چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لە دوو ھاووڵاتیی كورد لەناو دوكانێك كرد و یەكێك لەوانە شەھید بوو و ئەوەی دیكەش بە سەختی بریندار بوو، بۆیە خەریكە لە داقووق ھاوشێوەی خورماتوو تەقاندنەوەی ماڵی كوردەكان دەبێتە دیاردە، چونكە لە چەند شەوی رابردوودا چەندان ماڵی كورد تەقێندراونەتەوە".


(ئەحمەد) گوتیشی، "ئەم كارەی دەیشكرێت لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بۆ ئەوەیە كە كورد لەو شارە بتۆقێنن و ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن و عەرەبیش بێت لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ بكرێت، چونكە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، بەعەرەبكردن دەستی پێ كردووەتەوە".


بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق، ھاوردەكردنی عەرەب بۆ سنووری داقووق بەردەوامی ھەیە و بەپێی دوایین ئاماریش، لەناو داقووق و دەوروبەری ٨٠٠ خێزانی عەرەب ھاوردە كراون و ماڵ و موڵكی كوردانیان داگیر كردووە و ھاتوونەتە سەر حازری".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌