2017-12-07

 سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نابێت له‌ رێگه‌ی زمانی زبر و فه‌رزی ئه‌مری واقیع یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانیشتن چاره‌ بكرێت.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 7ـی12ـی2017 له‌ سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك (مه‌سعوود بارزانی) پێشوازی له‌ (ئوسامه‌ نوجێفی) جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق كرد.
له‌ دیداره‌كه‌دا، كه‌ (فازڵ میرانی) سكرتێر و (هۆشیار زێباری) و (ئازاد به‌رواری) ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ بوون، بارودۆخی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و عێراق و ناوچه‌كه‌ خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ و رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر ره‌وشی ئاواره‌كان و بارودۆخی شاری مووسڵ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و  پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و دوا رۆژی ژیانی سیاسی پێكهاته‌كان له‌ عێراق، هه‌روه‌ها كێشه‌ و ته‌حه‌ددیاتی ناو پرۆسه‌ی سیاسی تاوتوێكرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نابێت له‌ رێگه‌ی زمانی زبر و فه‌رزی ئه‌مری واقیع یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانیشتن چاره‌سه‌ر بكرێت.

هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش هاوڕابوون، كه‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌ددیات و رێگه‌گرتن له‌ قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتن و كاری هاوبه‌شی لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌