2017-12-09

خەبات: رانیار دڵشاد

حوسێن حالی  كوڕی "شەهید حالی" لە ساڵی 1969 لە گوندی پیران لەدایك بووە و لە ئاوارەیی ئێران گەورە بووە، ساڵی 1989 بیری لەوەكردەوە كە دەست بەكاری موزیكی بكات، لەنێویاندا زیاتر ئامێری سازی هەڵبژارد بۆ فیربوون، لەبارەی كارە هونەرییەكانی لەلێدوانێكیدا بۆ " خەبات" بەم شێوەیە دەدوێ.

 لەبارەی ئەوەی ئایا تا ئێستا هیچ بەرهەمێكی تۆماركراوتان هەیە، هونەرمەند حوسێن حالی لەوبارەیەوە راگەیاند: لە ساڵی 2000 بەرهەمێكم بەهاوكاری كەناڵی كوردستان تیڤی تۆماركرد، ئەویش سرودێك بوو لەسەر "بارزانی نەمر".

لەبارەی هەوڵی فێربوونیان بۆ ئامێری ساز هونەرمەند حوسێن گووتی: من زۆر خولیای ژەنینی ئامێری ساز بووم، لەگەڵا هاوڕێیەكم بەناوی كامەران كە ئێستا ئەو لە دەرەوەیە، زۆر هاوكاری دەكردم، بۆ فێربوونی ئامێری ساز، زۆرجار تا ئاشنای یەك گۆرانی دەكردم، من هەوڵی گۆرانی دووەمم دەدا بۆ ئەوەی زوو فێربم. 

لەبارەی گەیاندنی پەیام و داواكاری بەلایەنە پەیوەندیدارەكان هونەرمەند حوسێن حالی گووتیشی: لەرێگەی هونەرەكەمەوە دەمەوێت خزمەت بەگەل و نیشتیمانەكەم بكەم، تا ئێستا نە داوام لەكەس كردووە بۆ هاوكاری، نە كەسیش پێی گووتوم هاوكاریتان دەكەم، بەڵام داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیاكان دەكەم گەر هاوكاریم بكەن من ئامادەم بەرهەمی نوێیان پێشكەش بكەم.

لەبارەی ئەوەی تا چەند هونەرمەند شڤان پەروەر و برادەر كاریگەریان هەیە بەسەرتەوە هونەرمەند حوسێن لەوبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: من پێشتر لەرووی گۆرانی و ژەنینی موزیك زۆر لاسایی هونەرمەند شڤان پەروەرم دەكردەوە، بەڵام ئێستا زیاتر خۆم لە دەنگی هونەرمەند برادەر دەبینمەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌