وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، محەمەد هاودیانی رایگەیاند لە هەنگاوی یەكەمی چاكسازییەكانی وەزارەتەكەی مووچەی 22 هەزار مووچەخۆر بڕاوە و گوتی: لە هەنگاوی یەكەمی چاكسازیدا 22 هەزار مووچەخۆری نایاسایی مووچەكانیان بڕدرا كە لەژێر ناوی خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەیان وەرگرتووە، مانگانە بڕی دوو ملیار دیناریان بۆ دەچوو. لە هەنگاوی دووەمیش مووچەی 27 هەزار مووچەخۆری نایاسایی دیكە بڕدرا كە لە پشكنینەكان دەرنەچوون، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو زیاتر لە 6 هەزار مووچەخۆری دیكە ئامادەی دووبارە پشكنین نەبوون ئەمەش مانای ئەوەیە مووچەخۆری نایاسایی بوونە.
كاریگەریی گەمارۆكانی بەغدا
محەمەد هاودیانی گوتیشی: بەهۆی قەیرانی دارایی و قەیرانی سیاسی و كۆمەڵێك قەیرانی دیكە كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە زۆرێك لە كرێكاران كارەكانیان لەدەستداوە و بەشێكی زۆری پڕۆژەكان وەستاون، هەربەهۆی كاریگەری ئەو قەیرانانە لەسەر كرێكاران، پێویستە پێداچوونەوەیەكی گشتی بە رەوشی كرێكاران بكرێت لە هەرێمی كوردستان. لەبارەی كاریگەریی گەمارۆكانی بەغدا لەسەر هەرێم كە لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی رابردوو خستوویەتە سەر هەرێم بەتایبەتی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، محەمەد هاودیانی گوتی: پێش هەموو شتێك بەغدا بەو گەمارۆیانەی خستوویەتییە سەر هەرێمی كوردستان هاتوچۆی كرێكارانی بیانی ئەستەم كردووە، چونكە دەبێت لە رێگەی بەغداوە بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان جگە لەمەش بەغدا وەك كارتێكی فشار لەسەر هەرێم باجی زیاتری خستووەتە سەر كرێكارە بیانییەكان و لە بەغدا باجیان لێ وەردەگیرێت.
گوشارەكانی بەغدا بۆ سەر رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی
هاودیانی گوتیشی: لەژێر گوشارەكانی بەغدا رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان راگرتووە، لە كاتێكدا ئێمە لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا پڕۆژەی سیاسەتی بەكارخستنمان هەیە و پێداویستییە ماددییەكانیشمان دابینكردووە. رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بە فەرمی بە ئێمەیان راگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق فشاری خستووەتەسەریان بۆ ئەوەی هیچ پڕۆژە و كارێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدەن. وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم نایشارێتەوە كە لە هەوڵ و گفتوگۆدان بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی و دەڵێت "ئومێد هەیە دەست بە كارەكانیان بكەنەوە". دەشڵێت "ئێمە لە كۆنگرەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی ئەمساڵ كە لە سویسرا لە شاری جنێڤ ئەنجامدرا، لەگەڵ وەزیرانی كاری توركیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا و ژمارەیەك وڵاتی دیكە كۆبووینەوە بۆ ئەوەی كاروباری كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ ئەواندا لە چوارچێوەی رێككەوتنێك بێت، بە تایبەت ئەو كرێكارانەی بە مەبەستی كاركردن دێنە هەرێمی كوردستان دەبێت لەسەر خواستنی هەرێم و بەپێی سیستەمێكی دیاریكراودا بێت، ئێستاش سەرقاڵی هێنانەكایەوەی ئەو رێككەوتنەین كە مەبەستمانە، هەنگاوی باشیشمان ناوە لەوبوارەوە.
سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، محەمەد هاودیانی دەشڵێت: زیاتر لە 70 هەزار كرێكار دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەخەنە سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەم سندووقەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، زامنێكە بۆ ژیانی كرێكاران. بۆ نموونە ساڵی رابردوو لە سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی زیاتر لە 8 ملیار دینارمان بۆ ئەو كرێكارانە گەڕاندووەتەوە كە كارەكانیان لە دەستداوە، ئێستاش پرۆسەی گەڕاندنەوەی پاداشتەكانی كرێكاران بەردەوامە. هەر كرێكارێك دەستەبەری خۆی كردبێت، بەپێی یاسا و ساڵی خزمەتكردنەوە خانەنشین دەكرێت لە ئێستاشدا چەندین كرێكاریش خانەنشین كراوە. دەشڵێت: یاسای سندووقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كۆمەڵێك كێشەی هەیە، یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە كە ئەو سندووقە ناوی هەموو كرێكاران ناگرێتەوە بۆ نموونە شۆفێری تاكسی، جوتیاران ئەو هاووڵاتییانەی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كاردەكان. بەهۆی نائاسایی بوونی دۆخی پەرلەمانی كوردستان لە رابردوو چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دواكەوت.
پڕۆژەی سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان "قەرزی بچووك"
لەبارەی پڕۆژەی سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان كە بە قەرزی بچووك ناسراوە، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان گوتی: 8 هەزار و 136 گەنج لە پرۆژەی سندووقی قەرزی بچووكی وەزارەتی كارو كاروباری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەندبوون، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ماوەیەكە ئەم پڕۆژەیە وەستێندراوە، بەڵام پڕۆژەكە ماوە. ئەو بڕە پارەیەی لە پڕۆژەی سندووقی قەرزی بچووك ماوەتەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سپاردەی هاووڵاتییانن و نابێت دەستكارییان بكرێت. ئەو بڕە پارەیەی لە پڕۆژەی سندووقی قەرزی بچووك هەبوو، 74 ملیار دینار بوو، بەشێكی هەرەزۆری ئەو پارەیە دراوە بە هاووڵاتییان، نزیكەی 30 ملیۆن دیناری دیكەش گەڕاوەتە سندووقی قەرزی بچووك و گەڕاندنەوەی پارەش بۆ سندووقەكە بەردەوامە. گوتیشی: ئامادەكارییمان كردووە بۆ ئەوەی سەرەتای ساڵی 2018 پڕۆژەی سندووقی قەرزی بچووك دەست بەكارەكانی بكاتەوە، سەرەتا دەست بە وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەكەین كە لە سندووقەكە بە هاووڵاتییان دراوە پاشان پارەكە بە هاووڵاتییانی دیكە دەدەین بۆ جوڵاندنی بازاڕ و دەستەبەركردنی كاری زیاتر.
پرسی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی
وەزیری كاروكاروباری هەرێمی كوردستان، محەمەد هاودیانی لەبارەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم لەو وەزارەتەدا دەڵێت: خەڵكانێك لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی سوودمەند بوون كە ناویان لە هیچ داتابەیسێكی دیاریكراو نەبوو بۆ ئەوەی بزانین ئەوانەی سوودمەند بوونە كێن و بە چ هۆكارێك سوودمەند بوونە، چاكسازییەكانمان لە كەرتی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستی پێكرد و دووبارە پشكنینمان ئەنجام دا و ئێستا پشكنینەكان كۆتایی هاتووە. محەمەد هاودیانی دەشڵێت: لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم دووبارە پشكنینمان بۆ ئەوانە ئەنجام دا كە لە وەزارەت سوودمەند ببوون، هەر لە هەنگاوی یەكەمدا مووچەی 22 هەزار مووچەخۆر بڕدرا كە لەژێر ناوی خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەیان وەردەگرت، مانگانە بڕی دوو ملیار دیناریان بۆ دەچوو. لە هەنگاوی دووەمیشدا مووچەی 27 هەزار مووچەخۆری نایاسایی دیكە بڕدرا كە لە پشكنینەكان دەرنەچوون، ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو بۆ ئێمە زیاتر لە 6 هەزار مووچەخۆری دیكە ئامادەی دووبارە پشكنینی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم نەبوون ئەمەش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە ئەوانە مووچەخۆری نایاسایی بوونە. لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم 122 هەزار كەس مووچەخۆر بوون، لەم ژمارەیە تەنها 80 هەزار لە پشكنین دەرچوون. ئەوەی ماوە وردبینی كردنی ناوەكانە و راگەیاندنی ئاماری كۆتایی چاكساییەكانە بۆ رای گشتی.