2010-05-17

جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی‌ ره‌سمیی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ توركیا‌و ئێران له‌سه‌ر سنور جموجوڵی‌ ئاسایین‌و جێگه‌ی‌ مه‌ترسی‌ نیین.

یاوه‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت رایگه‌یاندووه‌  جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا‌و ئێران جموجوڵی‌ ئاسایین‌و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان دروست ناكه‌ن ، رونیشیكردۆته‌وه‌ “هێزه‌كانی‌ توركیا ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی‌ به‌هاردا پێگه‌ی‌ خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌دا پته‌وده‌كه‌ن چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا چه‌كدارانی‌ په‌كه‌كه‌ سود له‌ توانه‌وه‌ی‌ به‌فر وه‌رده‌گرن بۆ چوونه‌ناو شاره‌كانی‌ توركیا‌و ئه‌نجامدانی‌ چالاكیی‌ سه‌ربازی‌”.

جه‌بار یاوه‌ر جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئێرانیشی‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ “تێكچوونی‌ باری‌ ئه‌منی‌ له‌ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌دا به‌ تایبه‌ت دوای‌ له‌سێداره‌دانی‌ چوار ئه‌ندامی‌ پژاك .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌