2017-12-11

موحسین خالیدی

ئەو كاتەی لەسەر پلان و بەرنامەیەكی گشتگیر و ھەمەلایەنە، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان (UN) دەمەزرا، دڵنیایەكی زۆر لای ئەو خەڵكە سازبوو كە بە درێژایی مێژوو چەوسابوونەوە، بە ئومێدەی لە دەلاقەی ئەو رێكخراوە جیھانییە بە مافەكانیان بگەن. بێگومان UN كەم تا زۆر گاریگەریی بەسەر كێشەكانی جیھاندا ھەبوو و نادادپەروەرییە كە غەیری ئەوە بیربكەینەوە، بەڵام ئەوەی  لەم  چەند ساڵە لە كوردستان بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەت و وردتر دوای خەیانەتەكەی 16ی ئۆكتوبەر لەو رێكخراوە دیتمان، بێ ھەڵوێستی و تەنانەت راپۆرتی ناراست بوو. راپۆرتە سەرەتاییەكەی دوای داگیركردنی كەركووك و كوشتار و وێرانكارییەكەی خورماتوو بەڵگەی حاشاھەڵنەگرن. ئەوە جیا لە ھەڵوێستە دوور لە ئازادی و مافە مرۆڤیانەی پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان كە سەرۆكی ئەو رێكخراوەیە دژ بە ریفراندۆم ھەڵوێستی نواند؟؟!! بە تێپەڕبوونی كات لەم دوو مانگەی رابردوودا و بە سەرنجدان بەو ھەموو پێشێلكارییە بەرچاوەی حەشدی شەعبی و دەزگا سەربازیی و ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق دژ بە كورد، لە ماڵوێرانی و كوشتن و دەستدرێژی و زەبر و زەنگ و ...، كەچی كەمترین ھەڵوێستی روون و ئاشكرامان لەو رێكخراوەیە دیت، بۆیە میلیشیاكانی عێراقی، بێباكتر و دەستكراوەتر درێژە بە كردەوە نامرۆڤایەتییەكانیان دەدەن. كۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و خۆدزینەوە لە باسكردنی قەتلوعام و وێرانكردنی ماڵی كورد لە ناوچە داگیركراوەكان، ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت كە UN نایەوێ یان ئەو دەسەڵاتە لە خۆیدا شك نابات كە چارەسەری ئەو خوێنرێژییە بكات. تەنانەت لەو كاتەوەی لە سەردەمی مالیكی نانی ھەرێمی كوردستان بڕدرا و خەڵك برسی كران و تا ئێستا كە لەسەردەمی عیبادی-دا، كوردستان ھێرشی كرایەسەر بە پیلانێكی ئیقلیمی لە زەوی و ئاسمان گەمارۆ درا، دیسان ھەڵوێستێكی روونمان لە UN نەدی؟؟!! ئەوە لە كاتێكدایە كە ھەموو جیھان دەزانێ كە كوردستان داڵدەی دەیان ھەزار ئاوارەی عەرەبی داوە و حكومەتی ھەرێم لە دەمی خەڵكی خۆی گێڕاوەتەوە و ئەوانەی پۆشتە و پەرداخ كردووە تا مرۆڤایەتی لەم بەرگە نوێیەیدا خۆی بنوێنێتەوە. ھەموو جیھان دەزانێ كە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا داعش دەبووە ھاوسنووری ئەورووپا، بەڵام ئێستا بەھۆی نەبوونی گەشتی ئاسمانی پێشمەرگەی بریندار دەبێ بە ئازارەوە بتلێتەوە چون رێگەی  ئاسمانی نییە تا بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە. منداڵانی تووشبوو بە تالاسیمیا یەك لە دوای یەك بەھۆی نەبوونی دەرمان، گیان لەدەست دەدەن، كەچی جەنابی UN ھەر بێدەنگە. ئەو عێراقە ئەوان داوای پاراستنی دەكەن، وڵاتێكە كە ناسنامە و پاسپۆرت بەو كەسانە نادات كە ساڵانی ساڵە لەم وڵاتە وەك پەنابەر دەژین، كەچی بە ملیۆن كەسی ئێرانی ئیزن دەدا، دەروازە سنوورییەكان بشكێنن و بێ گوێدانە یاسا، بۆ زیارەت بچنە كەربەلا و نەجەف؟؟!! بەراستی تا كەی UN دەیەوێ لە ناو گێژاوی بێ ھەڵوێستیدا نوقم بێ؟

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌