2017-12-12

نزیکەی ٣٨ساڵە رژێمی بەدەسەڵات گەیشتووی مەلاکان لەئێران بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل گوێی خەڵکیان کەڕ کردووە، هەرچەند ئەم رژێمە لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە بە دروشمی نەرۆژهەڵاتی نە خۆراوایی، کۆماری ئیسلامی(نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی) هاتە سەر کار، بەڵام بینیمان لەپراکتیکدا لەگەڵ جەمسەری رۆژهەڵات واتا روسیادا نزیک بوونەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دۆست و هاوپەیمانی یەکدین. ئەم پێوەندییە تا رادەیەک چووەتە پێشەوە کە لە زۆر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە لەدژی ئێران دەرچووە روسیا ڤیتۆی بەکار هێناوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە دژایەتی نزیک بە چوار دەیەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلە کە لەم ماوەیەدا بەشێکی زۆر لەپارەی ئێرانی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و فەتح و لەم دواییانەشدا بۆ حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی تەرخان کردووە کە زیاتر بۆ کاری تێکدەرانە و پاکتاوکردنی نەیارانی بەکاریان دێنێ. پشتیوانیکردنی ئێران لەرێگای سپای قودسەوە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا زیاتر بۆ دژایەتی ئیسرائیل و بەناو بەرگری لە قودس و فەلەستینەوەیە. لەماوەی هەشت ساڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا زەقترین دروشمی حکومەتی ئێران " رێگای قودس لە کەربەلاوە تێپەڕ دەبێ" بوو. کاتی خۆی یاسر عەرەفات تەنیا رێبەری عەرەب بوو کە خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامی حازر بوو لەگەڵیدا دابنیشێت و پەسنی هەڵوێستەکانی بکات، بەڵام پاش ئەوەی یاسر عەرەفات هەوڵی دانیشتنی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتیانە لەگەڵ ئیسرائیل خومەینی و شوێنکەوتووانی یاسر عەرەفاتیان بە خیانەتکار ناوزەد کرد. دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەوەندە چۆتە پێشيوە کە ناوی یەکێک لە شەقامەکانی تارانی پایتەختیان بەناوی بکوژی ئەنوەر ساداتەوە ناونا تەنیا لەبەر ئەوەی ئەنوەر سادات هەوڵی دا لەگەڵ ئیسرائیل وتووێژ بکات و بەئاشتی بژی. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام ئیسرائیل وەک غودەی سەرەتانی ناو دەبات، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە بە فەلەستینییەکان بڵێ تەنیا کۆماری ئیسلامی پشتیوانی راستەقینەی ئێوەیە و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە سازشکاریی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تاوانبار دەکات. ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لەدژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەیە کە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بکاتە کێشەی نێوان ئیسرائیل و ئیسلام و لەم رێگایەوە ئامانجە شیعەگەرییەکانی خۆی لەدژایەتی لەگەڵ وڵاتانی سوننەی عەرەبیدا پەراوێز بخات.
 پاش بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆک ترامپ لەمەڕ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و دەستوری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ئیتر رۆژی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی دەمامکی حیلە و فریودان و تۆز لەچاوی خەڵک کردن فڕێ بدات و  بەکردەوە چ وەک حکومەتی ئێران چ لەڕێگای دەستوپێوەندییەکانیەوە کە ساڵەهایە لەسەر خەزێنەی ئێران دەیانلەوەڕێنێ هەڵوێستیان هەبێ لە بەرانبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئەگەر راست ئەکەن و بەڕاستی خۆیان بە پارێزەری قودس و خەڵکی فەلەستین ئەزانن، بەڵام ئەوەی دیارە و تا ئێستا بەکردەوە بینیومانە ئێران بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ و ناوێرێ بەقەولی ئێرانییەکان چەپ چەپ سەیری ئیسرائیل بکات و ئەو هەموو دروشمەی تەنیا بۆ ریکلام و تۆز کردنە چاوی خەڵکە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسەیەم پشت دەبەستم بەو بەڵگانەی ئەم دواییانە کە لەسوریا روویان دا، لای کەس شاراوە نییە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی کەرکووک تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر پێنج بنکەی موشەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەناو خاکی سوریادا بوردمان کردووە و لەگەڵ خاکدا یەکسانی کردووە کەچی ئێران تەنیا وەک هەواڵێکی کورتیش لە هێچ شوێنێک باسی نەکردووە و ئاماژەی پێنەداوە. ئەوەی ترامپ کردی پەرچەکردارێک بوو لەبەرانبەر ئەو هەوڵەی خامنەیی و سوڵتان ئەردۆغان لەگەڵ روسیا بۆ مانەوەی بەشار ئەسەدی خوێنڕێژ لەدەسەڵاتدا، تا بەو شێوەیە بەو دیکتاتۆرانە بڵێ ئەگەر پیاون ئەوە گوی و ئەوە مەیدان وەرن خۆتان تاقیکەنەوە. جاران هەندێ وڵاتی عەرەبی هەبوون لەبەرانبەر ئیسرائیلدا پەرچەکرداریان دەبوو، بەڵام ئێستا ئەوانە نەماون و ئەردۆغان و خامنەیی خۆیان وەک رێبەری موسوڵمانان دونیا پێناسە دەکەن. لەکاتی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە مافێکی رەوای گەلی کوردستان بوو هەردوو دیکتاتۆر وەخۆ کەوتن بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی پاش ریفراندۆم و هەرکامەیان بەش بەحاڵی خۆی دەستی هەبوو لە داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستاندا، تەنانەت بەتەمای ئەوەش بوون هەولێری پایتەختیش لەرێگای حەشدی وەحشییەوە داگیر بکەن کە لەژێر رێنوێنی سەرۆک بارزانی و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگەدا پۆزیان شکا و بۆیان نەچووەسەر. لێرەدا پرسیارێکی لۆژیکی دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە رۆڵی ئێران چییە لە دژایەتی کردنی ئیسرائیل؟ ئێستا ئێران وەک دەسەڵاتێکی هێژمونیخواز لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەتایبەت لە عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و فەلەستیندا قسەی یەکەم دەکا، باشە لەم کاتە باشتر و لەبارتر کەیە کە ئێران نیشان بدات کە بەڕاستی پشتیوانی راستەقینەی فەلەستینییەکانە؟ ئەبێ حکومەتی ئێران لەدوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپەوە رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێ و پیشان بدات کە تەنیا رژێمێکی ئیعلامی نییە و ئێعتبار و پێگەی خۆی لای شیعەکانی دونیا لەدەستنەدا. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە خامنەیی و فس فس پاڵەوانەکەی سپای قودسی ئێران لەبەرانبەر ئەم بڕیارەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەڵوێستی بەکردەوەیان هەبێ وەک چۆن قۆڵیان لێهەڵماڵی تا ئەوپەڕی هێزی خۆیان بەکار هێنا تا گەلی بێ پشتیوانی کورد لەمافە سەرەتاییەکانی بێبەش بکەن، خۆ ئەگەر هەڵوێستی کردارییان نەبێ ئەوە لە ستراتیژدا متمانەی خۆیان لەدەست ئەدەن و وەک کورد گووتەنی دەستیان لەبن هەوانەکەوە بە بەتاڵی دەرئەچێ. لەوە دڵنیام کە ئێران ناوێری هیچ پەرچەکردارێکی هەبێ لەبەرانبەر ئیسرائیلدا، ئەگەریش ئێران و لق وپۆپەکانی وەک حزبوڵڵا و حەماس و حوسییەکان و حەشد بیانەوێ هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل بێگومان روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران خێراتر و خوێناویتر ئەبێت، خۆ ئەگەریش ئێران و تورکیا هەڵوێستی بەکردەوەیان نەبێت لەبەرانبەر ئیسرائیلدا، دەیسەلمێنن تەنیا بازرگانی بە خوێنی موسوڵمانانەوە دەکەن، ئاخر ئەم دوو دەوڵەتە هیچ نەما بەنسبەت گەلی کورد و ئازادیخوازانەوە نەیکەن، بەڵام ئێستا لەبەرانبەر ئیسرائیلدا دۆشداماون و ناتوانن هیچ هەڵوێستێکی کرداری لەخۆیان پیشان بدەن، کەوابوو پێدەچێ کۆتایی ئایدۆلۆژیای خەڵک خەڵەتێنەریان هاتبێت.
تێبینی: ئامانج لەنووسینی ئەم وتارە بەهیچ شێوەیەک دژایەتی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا نییە.
تالب قەیسەری
١١/١٢/٢٠١٧

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌