2010-05-17

حه‌نان فه‌تلاوی‌ ئه‌ندامی‌ ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا، دووشه‌ممه‌، رایگه‌یاند كه‌ دیداری‌ چاوه‌ڕوانكراوی‌ نێوان نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ عێراقییه‌ ته‌نها دیدارێكی‌ شه‌كڵی‌ ده‌بێت‌و هیچ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ناگۆڕێت چونكه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ رێك كه‌وتوون‌و پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌نێوان ئه‌و دوو ئیئتیلافه‌دا یه‌كلایی‌ بۆته‌وه‌.

فه‌تلاوی‌ به‌ ئاژانسی‌  ئه‌سوات ئه‌لعیراقی‌ راگه‌یاندوه‌:   ئه‌گه‌ر دیداری‌ مالیكی‌‌و عه‌لاوی‌ له‌دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ كۆتایی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سازبكرێت، دیدارێكی‌ ئیجابی‌‌و به‌ به‌رهه‌م ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێم وایه‌ ئه‌و دیداره‌ ته‌نها دیدارێكی‌ شه‌كڵی‌ ده‌بێت‌و هیچ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ناگۆڕێت چونكه‌ پێشتر دیدار له‌نێوان هه‌ردوو لیستدا هه‌بووه‌‌و هه‌ردوولا بۆچوونی‌ خۆیان له‌سه‌ر كۆی‌ مه‌سه‌له‌كان بۆ یه‌كتر روون كردۆته‌وه‌”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێی‌ وابوو “لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵ ده‌دات له‌ رووی‌ ئیعلامییه‌وه‌ گرنگییه‌كی‌ زۆر به‌ دیداره‌كه‌ بدات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ دیداری‌ شه‌خسیی‌ نێوان دوو كه‌س بێت له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نێوان دوو كه‌س نییه‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ رێك كه‌وتوون‌و پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌نێوان ئه‌و دوو ئیئتیلافه‌دا یه‌كلایی‌ بۆته‌وه‌”، وتیشی‌ “مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌ وتووێژ‌و گفتوگۆی‌ سیاسییه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ عه‌لاوی‌‌و مالیكی‌ نییه‌”.

حه‌نان فه‌تلاوی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و دیداره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌  بێجگه‌ له‌ موجامه‌لات‌و دیدارێكی‌ راگه‌یاندن هیچی‌ دیكه‌ نابێت‌و گه‌وره‌كردنی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا بێجگه‌ له‌ خۆڵ له‌چاوكردن هیچی‌ دیكه‌ نییه‌”.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌