2017-12-19

  بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی راگەیاندووە، لەمڕۆوە سلێمانی و دەورووبەری بێ کارەبای نیشتمانی دەبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە نەکردووە تا کەی ئەو رەوشە بەردەوام دەبێت.

دوو رۆژە پشێوی کەوتووەتە ناو چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین. پشێوییەکە لە ئەنجامی خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتیان بووە و خۆپێشاندەران هێرشیان بۆ سەر چەندین بارەگانی حکوومی و دەزگای میری کردووە.
یەک لەو شوێنانەی کە هێرشی کراوەتە سەر، وێستگەی کەهرۆغازی چەمچەماڵ بووە. کارەبای بەشێکی سلێمانی و دەورووبەری، لە رێگەی ئەو وێستگەیەوە دابین دەکرێ و ئێستا کە وەستێندراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێ، بەو هۆیەوە لە سەعات چواری بەیانیی ئەمڕۆوە (سێشەممە) سلێمانی و دەورووبەری بەبێ کارەبای نیشتمانی دەبن.

لە روونکردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا هاتووە کە لە رووی تەکنیکییشەوە ناتوانن کارەبا لە شوێنێکی دیکەوە وەربگرن و دابەشی بکەن. باس لەوەش کراوە جیا لە هاووڵاتیان، نەخۆشخانە و پرۆژەکانی ئاویش لە سنووری سلێمانی بێ کارەبا دەبن.
یەکێک لە کارمەندانی وێستگەی کەهرۆغازی چەمچەماڵ دەڵێ، هەست بە مەترسی لەسەر گیانیان دەکەن. بەشێکی ئەو کارمەندانە کە لەو وێستگەیەدا کارە سەرەکییەکان دەکەن، بیانین. ئەو کارمەندە کە لەسەر داوای خۆی ناوی لای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزراوە، دەڵێ، "تا ئەو کاتەی بە تەواوی مەترسییەکان نەڕەوێندرێنەوە، کار بەو وێستگەیە ناکەین."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌