2017-12-20

دڵشاد مستەفا وەسانی

خەڵكی كوردستان سێ ساڵی پڕ لە قەیرانی دارایی و رشتنی خوێنێكی زۆر لە شەڕی دژی داعش تێپەڕاند، دوای 16 ی ئۆكتۆبەریش گوشارەكانی سەر كوردستان زیاتر بوون، بە هۆی رێك نەكەوتنی لایەنەكان، بارودۆخی ناوخۆی كوردستانیش بەرەو شڵەژان و پشێوی رێگەی گرت، لەولاشەوە حزبەكان لەسەر حیسابی هیلاكی و ناخ برینداریی هاوڵاتی، شوڵیان لێ هەڵكێشاوە و یەكتری ناشرین دەكەن، هەریەكەیان دەیەوێ بە هاوڵاتیی ماندوو بڵێ، ئەوە بەرنامەی من دەستی پێوەبگرە و ڕێگەی نەجاتتە.
دۆخی هەرێمی كوردستان، لە دۆخی پێش هەڵبژاردنی هیچ وڵاتێك ناچێت، لە 16 ی ئۆكتۆبەر بە یارمەتی گرووپی خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر زیانی گەورە بەر كوردستان كەوت، بەڵام هێشتا بەغدا چاوی لە زیاترە، ئەوەی پاڵ بە بەغدا و تارانەوە دەنێ لە توندكردنی گەمارۆ بە ئامانجی خنكاندن پەلە بكەن، هەڵكشانەوەی ئاستی دیپلۆماسیی هەرێم دوای پەلاماری حەشد و سوپا و هێزەكانی دەرەوەی عێراقە، بۆیە جووڵاندنی شەقام دەقۆزرێتەوە و لەگەڵیدا جووڵە بە هێزە داگیركەرەكان دەكرێ، لەو نێوەدا هەوڵی رووخاندنی حكوومەتی هەرێم دەبێتەوە بەرنامەی حزبەكان، بۆیە لە دیمەنی سیاسیی كوردستاندا ئەمانە دەبیندرێن:
1- ئامانجی بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر بەتایبەتیش تاران، رووخاندنی حكوومەت و سڕینەوەی ئاسەوارەكانییەتی، هەندێ حزب هەمان ئامانجیان هەیە و بە چارەسەری ریشەیشی دەزانن.
2- ئەو حزبانەی بەرنامەی رووخاندنیان هەیە دەڵێن دەبێ حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێ، دەشزانن كە بەغدا گفتوگۆ ناكات.
3- ئامرازەكانی گۆڕینی حكوومەت بە شێوەیەكی ئارام و دوور لە هەڵچوون بەردەستن، لە 17 ی ئەم مانگەشەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمان كردووە و داوادەكات رێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە لە ماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەكات، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێ.
4- حكوومەتی كاتی و رزگاری نیشتمانی بە چەند مانگ دادەمەزرێ؟ ئایا ئیشی ئەویش هەر ئامادەكاری نییە بۆ هەڵبژاردن، یان ئەركێكی شاراوەی هەیە؟
5- حزبەكان بە گیانی تۆڵەسەندنەوە كاردەكەن، دەنا ماوەی كۆتایی هاتنی حكوومەت نزیك بۆتەوە، پێداگری لەسەر رووخاندن، زیاتر تۆڵەی حزبی و سیاسییە و بەوشێوەیە دڵیان ئاودەخواتەوە.
6- رۆژی 18 ی مانگ لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندان، گۆڕان و كۆمەڵ پێكەوە و هاوپەیمانی دیموكراسی دادوەری بە جیا راگەیندراویان بڵاوكردەوە، پشتگیری خۆپیشاندانی هێمن دەكەن، بەڵام ئەوەی روویدا توندوتیژی بوو، سوكایەتی بە رەمزەكانی نیشتمان كرا، زیان بە موڵك و ماڵی خەڵك گەیەندرا، بارەگا سوتێندرا.
7- پشێوی دروستكردن هەوڵێكە بۆ شاردنەوەی شەرمەزارییەكەی 16 ی ئۆكتۆبەر.
بە وردبوونەوە لەم دیمەنە سیاسییە، دەردەكەوێ كە قازانجی رووخاندنی حكوومەت، دەچێتە گیرفانی بەغدا و دەوروبەر و ئەو حزبانەی رووخاندن بە چارەسەر دەزانن، لە هەمووی ناخۆشتر و بە ئازارتر ئەوەیە، خەڵك لە جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسیدا بەكاردەهێندرێ، بەڵام لەم مامەڵە حزبی و سیاسییەدا، قازانجەكە تەنیا ناچێتە گیرفانی ئەو خەڵكە و ماندووتر دەكرێ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌