2017-12-20

كه‌نعان به‌هادین

به‌ پێی ئامارێكى یه‌كێتى رۆژنامه‌نووسانى جیهان كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى له‌ برۆكسله‌ ، له‌ جیهان ته‌نها 600هه‌زار رۆژنامه‌نووس بوونیان هه‌یه‌ ، یه‌كێتى رۆژنامه‌نووسانى جیهان كه‌ له‌ ساڵى 1926 دامه‌زراوه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زمانى فه‌رمى ئه‌و یه‌كێتییه‌ ئینگلیزى و فه‌ره‌نسی و ئیسپانییه‌ ..
دواجار یه‌كێتى رۆژنامه‌نووسانى جیهان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى تازه‌دا بۆ هه‌موو ئه‌ندامانى ده‌ڵێت : پێویسته‌ پابه‌ند بین به‌ ئه‌خلاقیاتى پیشه‌یی رۆژنامه‌گه‌ریی و له‌ حرفییه‌ت زیاتر نزیك ببنه‌وه‌ ....
من سه‌یرم پێهات كه‌ له‌ ته‌واوى دوونیادا 600هه‌زار رۆژنامه‌نووسى پیشه‌یی هه‌بێت له‌ كۆی 7ملیار مرۆڤ له‌سه‌ر رووى زه‌مین ،  له‌كوردستان له‌ كۆی 6ملیۆن مرۆڤ 25هه‌زار ئه‌ندام هه‌بێت له‌ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان ..
له‌م پێشه‌كییه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ رۆن ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و فه‌وزا ئیعلامییه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان بوونى هه‌یه‌ ، خه‌تاكه‌ى په‌رله‌مان و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانه‌ كه‌ ته‌نزیمى  پیشه‌یی و ئه‌كادیمى و یاساییان نه‌كردووه‌ ، به‌ ده‌لیلى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى وا هه‌یه‌ له‌ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان ئه‌ندامه‌ و له‌ سه‌ندیكاكانى ترى وه‌كو مامۆستایان و ئه‌ندازیاران و پزیشكان و پارێزه‌رانیش ئه‌ندامى كارایه‌ !!!!
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌یاسا بێت و لێكۆڵینه‌وه‌ى وورد بكرێت ، هیچ مافێكى ناكه‌وێت ئه‌گه‌ر تووشى گرفتێك هات ، چونكه‌ نازانرێت له‌ كاتى هه‌بوونى كێشه‌ به‌ سیفاتى چى قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت !!
بۆیه‌ ئه‌و خه‌له‌له‌ ئیعلامییه‌ى بوونى هه‌یه‌ له‌ كوردستان ، كه‌ بۆته‌ مایه‌ى سه‌ر ئێشه‌ بۆ ووڵات و خه‌ڵك ، خه‌تاكه‌ى زۆری و بۆریی و بی كوالێتییه‌ له‌ به‌رهه‌م ، تا واى لێهاتووه‌ رۆژنامه‌نووس ده‌چێته‌ نێوانى شه‌رى دوو ژن له‌ كۆڵانێكى لاچه‌پ ..
هه‌ندێ وه‌لاوه‌نان هه‌یه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوون ده‌خوڵقێنێ و له‌ داهاتوو ده‌بێته‌ مایه‌ى گرفت و كێشه‌ بۆ ووڵات ، به‌تایبه‌ت پرسی راگه‌یاندن كه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ و كاریگه‌ره‌ بۆ ڕاى گشتى ، پێویسته‌ ئیعاده‌ى هه‌یكه‌له‌ى پرسی راگه‌یاندن بكرێت له‌ كوردستان و پیشه‌گه‌رانى بیانى و رۆژنامه‌نووسانى پڕ ئه‌زموونى ووڵاته‌كه‌مان ئه‌م پۆلێنه‌ بكه‌ن ....

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌