2017-12-21

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان پڕۆژەیاسای چاكسازی لە وەزیفەی گشتی و مووچە و خانەنشینی پەسەند كرد و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی پڕۆژەیاساكە كرد لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی و دەسپاكی و داواكاری گشتی و ئەنجومەنی شوورا و بڕیار درا پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی و هەرچی زوو كەوتنەبواری جێبەجێكردنەوە كە كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و بەرجەستەكردنی دادپەروەری لە بواری ئەرك و مافی مووچەخۆرانەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١/١٢/٢٠١٧ بە سەرپەرشتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بەخێرهاتنەوەی (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ سەر كارەكەی و ئەم هەنگاوەی لەو ڕەوشە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا لە خەمخۆرییان بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان لێكدرایەوە و بەرز نرخێنرا، و لە بەرامبەردا بەرێزیان سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوون و تەواوكردنی نەخشەڕێگای حكوومەتی هەرێم بۆ چاكسازی لە بواری دارایی گشتی كە پێشتر دەستی پێكردووە لە پێناوی تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و دابینكردنی مووچەی شایستە بۆ مووچەخۆران لە ساڵی ٢٠١٨دا و ئه‌مه‌ش لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

هەروەها ئەنجومەن سوپاس و دەستخۆشی لە (ڕابەر سەدیق) بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە وەكالەت كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەكی سەركەوتووانە كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری  بەڕێوە ببات و هەوڵ و ماندووبوونەكانی بەرز ‌نرخێنرا.

له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و ڕووداوه نه‌خوازراوانه كرا كه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویاندا، له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه داواكارییه‌كانی خه‌ڵك ڕه‌وان و خۆپیشاندانیش مافێكی ڕه‌وای هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن ده‌خوازن خۆپیشاندانه‌كان و داوای خه‌ڵك به‌ڵاڕێدا به‌رن و بۆ مه‌رامی تایبه‌تیی خۆیان بقۆزنه‌وه و هه‌ر به‌هۆیه‌وه چه‌ندین ده‌زگای حكوومه‌ت و باره‌گای حزبی سوتێنران. ئه‌نجومه‌ن سه‌ره‌خۆشی له كەسوكاری قوربانیانی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كرد و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداران خواست و داوای له هاوڵاتیان كرد له خۆپیشانداندا زیاتر چاوكراوه بن و ڕێگه نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك توندوتیژی به‌كار بهێنێت چونكه ده‌زگا حكوومییه‌كان ده‌زگای گشتین و پاراستنیشیان ئه‌ركێكی گشتی یه و به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن و هێزه‌كانی ئه‌منیش به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی گیانی خۆپیشانده‌ران بپارێزن.

دواتر (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا و كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ (خاتوو ئەنگێلا مێركل) ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و بەڕێزان وەزیرانی دەرەوە، كە جێگری سەرۆكوەزیرانیشە، و وەزیری بەرگری و لیژنەكانی پەیوەندییه‌كانی ده‌ره‌وه و بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشكەش كرد كە تیایادا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و یەكڕیزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم، جەختی لەسەر كرانەوە.

دووپاتیشی كردەوە كە ئەڵمانیا و فڕەنسا پشتگیری لە هەرێمێكی بەهێز لە كوردستانی عێراق دەكەن و ئەو سیاسەتەی عێراقیان قبووڵ نییە كە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت و بەو مەرجە هاوكاریی عێراق دەكەن كە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات لە چوارچێوەی دەستووردا. هەروەها ئاشكرای كرد كە ئەوان لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبن.

ئەنجومەنی وەزیران سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانی بۆ ئەڵمانیا بە سەركەوتوو و بەرهەمدار وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشی بە تاكە چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زانی.

سەبارەت بە ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له هه‌ردوو فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كه دوێنێ له كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا كه له چوارچێوه‌ی ڕێكاره یاساییه‌كانی هاتوو له یاسای ئه‌نجومه‌نی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره ٣ی ساڵی ١٩٩٢ مامه‌ڵه بكرێت تا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان چوارچێوه‌ی یاسایی وه‌رده‌گرێت، له‌سه‌ر ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتیان به‌رده‌وام بن، بە پێویستیش زانرا بەر لە بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه، له چوارچێوه‌ی یاسای ئەنجومەنی وەزیراندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه كردبا.

لە بەشێكی دیكەی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و لەلایەن (د. ئامانج ڕەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناوەرۆك و ووردەكاری پڕۆژەیاساكە بۆ ئامادەبووان شیكرایەوە، كە ئەم پڕۆژەیاسایە لە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنەما سەرەكییەكانی خرانەڕوو بە ئاڕاستەی ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم كەرتەكانی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، و هەروەها تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، و بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكانی تر، و بەرگرتن لە سوودوەرگرتنی ناڕەوا و ناقانونی لە تەرخانكراوەكانی بودجەی گشتی، و لە پێناوی زامنكردنی مووچەی مووچەخۆر و خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و سوودمەندانی تری شایستەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی چیتر مووچەخۆری ڕاستەقینەی شایستە، نەبێتە قوربانی خەڵكانی ناشایستە.

دوای پێشكەشكردنی چەند تێبینی و سەرنجێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكەی پەسەند كرد و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی پڕۆژە یاساكە كرد لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی و دەسپاكی و داواكاری گشتی و ئەنجومەنی شوورا و بڕیار درا پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی و هەرچی زوو كەوتنەبواری جێبەجێكردنەوە كە كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و بەرجەستەكردنی دادپەروەری لە بواری ئەرك و مافی مووچەخۆرانەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خرایەڕوو بۆ دەستەبەركردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەوڵانەی بەرز نرخاند و دەستخۆشی لێ كردن.

سەبارەت ڕێكخسته‌وه‌ی مووچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای خستنەڕووی چەند پێشنیاز و تێبینییەك لەمبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی ئەو لیژنە وەزارییەی كە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات، لەسەر كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن تا بگات بە ئەنجامێك كە كاریگه‌ریی زۆری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و بژێوی ئه‌و هێزانه به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه خۆیان مووچه‌كانیان كه‌مه، چونكه ڕۆڵی ئه‌م هێزانه له تێكشاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و به‌رگریكرن و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به هه‌ندی وه‌رده‌گرێ و به‌رزی ده‌نرخێنێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌