2017-12-22

دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی کەنەدا رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی کاروانێکی هاوکاری بۆ پێشمەرگە ئامادە كردووە و حەیدەر عەبادی ڕێگری دەكات، وەزارەتی پێشمەرگە داوای هەڵوێست لە هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كرد.

ئەمڕۆ هارجێت ساجان وەزیری بەرگریی کەنەدا رایگەیاند كە وڵاتەكەی کاروانێکی هاوکاری سەربازی به‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و ئێستە لە کۆگاکانی چەک لە شاری مۆنتێریال ئامادە کراون، به‌ڵام حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێگری لە گەیاندنی ئەو کاروانە دەکات بۆ دەستی پێشمەرگە، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كە دەبێ داوا لە هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بكەن كێشەكە یەكلایی بكاتەوە.

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کەنەدا دووپاتی كردووەتەوە كە بەغدا ئامادە نییە رێککەوتن لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە واژوو بکات.

له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌مید هه‌ڵگورد حیكمه‌ت بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاریی نیشتمانی له‌ وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، پێویسته‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌غدا بێده‌نگ نه‌بن و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.

هه‌ڵگورد حیكمه‌ت، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی هاوپه‌یمانان و رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانان چوار ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی وه‌ك شكێنه‌ری ئه‌فسانه‌ی داعش ناساندووه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ عێراق رێگری له‌ گه‌یاندنی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان كردووه‌ بگاته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی نوێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ دژی داعش بانگهێشت ناكرێت.

روونیشی كرده‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ وه‌ك مێژوویەكی پڕ گیانفیدایی له‌ پێناو مرۆڤایه‌تی و دیموكراتیزه‌بوونی سیسته‌می حوكم له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ زۆری به‌خشیوه‌، جێی داخه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی هه‌ندێك له‌ وڵاتان، دژ به‌ چاره‌نووسی میلله‌تێك و گیانفیداییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌م ناوچه‌یه‌، یه‌كانگیر بووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشمه‌رگه‌، داوا له‌ دۆست و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات، چیتر به‌رامبه‌ر به‌ پێشێلكارییه‌ ده‌ستووری و مرۆییه‌كانی حكوومه‌تی به‌ناو دیموكراتییه‌ت و فیدرالی عێراق، بێده‌نگ نه‌بن.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌ و باشترین به‌ڵگه‌ی زیندووش، دوا رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی تێكشكاندنی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌یه‌ له‌ میحوه‌ری گوێڕ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌