2017-12-24

هادی عەلی مانەوەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی لە حکوومەتدا ڕاگەیاند و دەشڵێ، دەبێ حکوومەت ئەوەی لە توانایدایە بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵک و ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بیکات.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری کۆتایی دا و تا هەڵبژاردن بەڕێوە دەبرێ، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە ٣٥ ئەندام پێکهاتووە و بۆ هەر بڕیارێک، پێویستە ٢٤ ئەندامیان دەنگی بۆ بدەن، بەپێی دوابڕیاری ئەو حیزبەش بێت، رێژەی یاسایی بۆ مانەوەیان لە حکوومەتی هەرێمدا رێژەی یاسایی هێناوە، کە لە دوێنێوە ئەو ئەنجوومەنەیان لە کۆبوونەوەدان.

پاش کۆبوونەوەی چڕیان وەک لە پرێسکۆنفڕانسەکەی (د.هادی عەلی)ـدا ڕاگەیێندرا، سێ مەرجیان بۆ مانەوە لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە تەمەنەکەی تەنیا چەند مانگێکی کەمی ماوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرشتیی ئەمینداری حیزبەکە شەممە 23-12-2017 بەڕێوە چوو، ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی یەکگرتوو دوابڕیاری یەکگرتووی لەبارەی کشانەوە یان مانەوە لە حکوومەتدا ئاشکرا کرد: "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە حکوومەتدا دەمێنێتەوە، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج."
ئەو گوتی، یەکگرتووی ئیسلامی کۆمەڵێک داواکاریی هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو داوایانە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تاوەکو 15-1-2018 جێبەجێ بکرێن، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە حکوومەتدا دەمێنێتەوە بە پێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە بڕیاری خۆی دەدات.

(هادی عەلی) ئاماژەی بۆ داخوازییەکانیان لە حکوومەتی هەرێم کرد، کە خۆی لە درووستکردنی لیژنەیەک لە پەرلەمانی هەرێم دێت، بۆ رووداوەکانی ئەمدواییەی هەندێک لە ناوچەکانی هەرێم روویان داوە، هاوکات کار بۆ دەسگیرکراوە بێتاوانەکان بکرێت، لە بەرامبەریشدا کار بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانە بکرێت کە تێکدەر بوون، هاوکات بە دەمەوە چوونی حکوومەتی هەرێم لە بەرامبەر داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و باشکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان.

لە درێژەی پرێسکۆنفرانسەکەشیدا گوتەبێژەکەی یەکگرتووی ئیسلامی، تیشکی خستە سەر کۆتاییهێنان وەک ئەو گوتی بە حاڵەتی "بەسەربازکردنی" شار و شارۆچکەکانی دەڤەری سلێمانی کرد، کە ماوەی چەند رۆژێکە هاووڵاتیانی ئەو سنوورە بێزاریی خۆیان لەو دیاردەیە پیشان داوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌