2017-12-24

  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح راگەیاند و لە پەیامەکەدا هاتووە "داواكارین گشت لایەك بەوپەری بەرپرسیاریتییەوە هەوڵ بدەین بۆ یەكخستنی ریزەكان و یەكدەنگی نیشتیمانی بۆ رەتدانی ئەو قۆناغە هەستیارە و رووبەرووبوونەوەی پیلان و هەوڵە چەپەڵەكانی پیلانگێڕیی و لەباربردنی ئەو ئەزموونەمان."


دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

   بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح(سڵاوی خوای لێبێت) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشك وبرا مەسیحییەكانی كوردستان و عێڕاق و جیهان دەكەین، هیوادارین هاتنەوەی ئەو یادە پیرۆزە مایەی خێروخۆشی و بەختەوەری بێت بۆ گشت لایەك.

مایەی شانازییە، كە هەرێمی كوردستان لە دێرزەمانەوە لانكەی ئەو كولتورە دەوڵەمەندەی فرەیی و هەمەجۆریی ئایینی و ئیتنی بووە و بۆتە بنەمایەكی بەهێزی یەكگرتوویی و پەرەسەندنی ئەو فەرهەنگ و شارستانیەتە، بۆیە دەبێ لەمەودواش بەهەمان گیانی تەبایی و برایەتی ئەو كولتورە قووڵتر بكەینەوە و هەنگاوی زیاتر بنێین بەرەو باشتركردنی باری گوزەرانی هاووڵاتیان و پتەوتركردنی بنەماكانی سەقامگیریی و ئارامیی  لەسایەی حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

   لەكاتێكدا كریستانەكان بەوپەری ئازادی و ئارامیەوە جەژن و یادە ئایینی و كولتوریەكانیان تێدا دەگێڕن و بەسەردەكەنەوە ئەمڕۆ وێرای كێشە ناوخۆییەكان، هەرێمی كوردستان، بۆتە پەناوپەناگەی ئارام وئاسوودەیی بۆ هەزاران خوشك و برایانی دیكەی كریستیان و لێقەوماوانی دیكەش، كە لە ناوچەوشوێن و شارەكانی عێڕاق روویان تێكردووە و بە زێدو وڵاتی خۆیانی دەزانن...

ئێمە لە كاتێكدا وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی توانای خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکان و باشکردنی ژیان و گوزەرانی کوردستانیان  بە گشت پێكهاتە ئایینی وئیتنیەكانەوە لەوانەش خوشك و برایانی کلدان سریان ئاشور و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆیان، هاوکات بەردەوام دەبین لە هەوڵ و كۆشش بۆ دابینكردنی گشت مافە رەواكانیان.

هیواخوازین جەژنی ئەمساڵی خوشك و برایانی كریستیان ببێتە هەوێن و هاندەرێكی دیكە بۆ پتەوكردن و قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوژیان و لێبوردەیی و تەبایی لە نێوان هاووڵاتیان و كۆمەڵگەكەماندا و كەمكردنەوەی دەردەسەری و ئێش و ئازارەكان، هەروەها داواكارین گشت لایەك بەوپەری بەرپرسیاریتیەوە هەوڵ بدەین بۆ یەكخستنی ریزەكان و یەكدەنگی نیشتیمانی بۆ رەتدانی ئەو قۆناغە هەستیارەو رووبەرووبوونەوەی پیلان و هەوڵە چەپەڵەكانی پیلانگێڕیی و لەباربردنی ئەو ئەزموونەمان.

جارێكی دیكە جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح(سڵاوی خوای لێبێت)لە سەرجەم خوشك وبرایانی كریستیان پیرۆز بێت..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24/12/2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌