2017-12-26

مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە و بەرپرسانی سوپای عێراق كۆبوونه‌وه‌ و دواتر لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە هێزەکانی سوپای عێراق بکشێنەوە سنووری خۆیان و بەهاوکاری هەردوولا دژی هەر جموجۆڵێکی چەکدارانی داعش بوەستنەوە.

ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك لە کۆبوونەوەکەدا رایگه‌یاند کە مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە و بەرپرسانی سوپای عێراق تێیدا بەشداربوون، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ئەو ناوچانە کوردستانین و لەدێر زەمانەوە کوردی تێدا ژیاوە و هێزی پێشمەرگەش ئەو سنوورانە دەپارێزێت، بەڵام بۆ هەر رووبەڕووبوونەوە و هێرشێک بۆ سەر داعش ئامادەن هاوکاری هێزە عێراقییەکان بکەن.

هه‌روه‌ها گوتی: سوپای عێراق و میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بەپاساوی بوونی چەکردارەکانی داعش ھەوڵیدا  بۆ ناوچەکانی کەلار و گەرمیان، لەشکرکێشی بکات، بەڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕێگەیان پێنه‌درا بستێك له‌م سنووره‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ش گوتیشی: هاتنى هێزى عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌، پیلانێكى نوێیه‌.

گوتیشی ئێستا دۆخەکە ئاساییە و هیچ پێشڕەویی و رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو سنوورە رووینەداوه‌.

هه‌روه‌ها مەحمود سەنگاوی،  فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگه‌یاند: ئەمڕۆ سوپای عێراق، ھەوڵیدا بۆ ناوچەکانی کەلار و گەرمیان لەشکرکێشی بکات و ئەو ناوچانه‌ داگیر بكات کە پێش ساڵی 2003 چۆڵی کردبوو، ئاگادارمان کردنەوە کە ڕازی نابین لەو شوێنانە ھێزەکانیان جێگیر بکەن و پێشڕه‌وی بكه‌ن.

گوتیشی: له‌گه‌ڵیاندا كۆبووینه‌وه‌ و پێیان راگه‌یاندن، کە ئەو ناوچانە داعشیان تێدایه‌ و ئێمە ھەوڵی پاراستنی دەدەین، بەڵام ئێمە ئاگادارمان کردنەوە ھەموو بەرپرسیاریەتییەکی داعش دەخەینە ئەستۆی خۆمان و ھێزی پێشمەرگە ئەو نەوچانە ده‌پارێزن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ بەھیچ شێوەیەک ڕێگه‌ ناده‌ین، سوپای عێراق و میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، ھێزی خۆیان ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکه‌ن.

شایه‌نی باسه‌ بەیانی ئه‌مرۆ سێشەممە 26-12-2017، هێزی فیرقەی 4ـی سوپای عێراق لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری كفری پێشڕەوی كرد و هاتنە نێو سنوورەکە، هێزەکانی پێشمەرگەش بۆ هەر ئەگەر و رووبەڕووبوونەوەیەک خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌