2017-12-27

 كۆنسووڵی بولگاریا لە هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا ئەوەی سەلماند كە خاوەنی بەهایەكی بەرز و بەرگریكارێكی بەهێز و هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كۆنسووڵخانەی بولگاریایان كرد و لە لایەن (دێمیتری ئوگرینۆڤ)ـەوە پێشوازی كران.
(هۆشیار سیوەیلی) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكایەتیی شاندەكەی كرد و، لە دیدارێكدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی بولگاریا و هەرێمی كوردستان بە گشتی و پەیوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسی و دەزگاكانی تری ئەو وڵاتە كرد.
(سیوەیلی) هەروەها بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی بولگاریای كرد بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری لە قوناغە جیاوازەكاندا بۆ هەرێم و گەلی كوردستان.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، باس لە دواسەردانی (سەرۆك بارزانی) كرا كە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بۆ وڵاتی بولگاریا ئەنجام درا و، گرینگی و لێكەوتەكانی ئەو سەردانە و بەردەوام بوون لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتر لە نیوان هەردوو لادا، خرایە بەرباسەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان  باسی لەو ڕووداوانە كرد كە لە چەند مانگی رابردوودا ڕوویان داوە و، ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموو لێكەوتەی ڕووداوەكان ئەنجامی ئەو عەقڵییەتە حوكمڕانییەیە كە لە بەغدا و لەنێو دەستەڵادارانی عێراقدا هەیە و، دەستەڵاتدارانی عێراق هیچ دەرسێكیان لە مێژووی حوكمەت و دەستەڵاتدارنی پێش خۆیان وەرنەگرتووە، بگرە دەیانەوێت عێراق بە مەنتقی هێز بەڕێوە بەرن و ببێتە دەوڵەتێكی مەركەزی و دەستەڵاتیش لای یەك پێكهاتە و لەنێو ئەوانیشدا لای گرووپێك بێت. عێراق ده‌وڵه‌تكی فیدراڵە و لەسەر بنەمای شەراكەت و هاوسەنگی دووبارە بنیات نراوەتەوە و دەستووریش ئەمەی دیاری كردووە، بەداخەوە لە 13 ساڵی رابردوودا حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان بە هەمان لۆژیكی رژێمەكانی پێش ئازادیی عێراق هەوڵی حوكمڕانییان داوە، ئەمەیش بووە هۆكاری ماڵوێرانی و لێكترازان و دروستبوونی زیاتری ناكۆكی لە نیوان پێكهاتەكانی عێراقدا.

لە میانەی گفتوگۆكاندا، باس لە دوایین پەرەسەندن و پێشهاتە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هەوڵاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و چاكسازیی ئابووری و دامەزراوەیی لە هەرێمی كوردستان كرا و، (سیوەیلی) ئەوەی دووپات كردەوە كە، حكوومەتی بولگاریا و یەكێتیی ئەورووپا دەتوانن زیاتر هاوكاری حكوومەت و گەلی كوردستان بن لە بەهێزكردنی دامەزراوە و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێم.

(دێمیتری ئوگرینۆڤ) سوپاسی ئەو سەردانەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد و ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان ساڵانێكی دوورودرێژ خەباتی بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی ئاشتی كردووە و لە شەڕی دژی تیرۆریشدا ئەوەی سەلماند كە خاوەنی بەهایەكی بەرز و بەرگریكارێكی بەهێز و هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

ئەو هەروەها جەختیشی كردەوە كە، وڵاتەكەی ئامادەیە هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەم مەبەستەیش ساڵی داهاتوو ئاستی نوێنەرایەتییەكەیان لە هەرێمی كوردستان بەرز دەكەنەوە بۆ كۆنسووڵخانەی گشتی بە ئامانجی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هەنگاونان بۆ چوونەنێو قوناغێكی نوێ و فراوانكردنیان.

كۆنسووڵی بولگاریا ئاماژەیشی بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد لەسەر بنەمای دەستوور و لێكتێگەییشتنی زیاتر بۆ ماف و داخوازییەكانی یەكتر و گوتی، بە قبووڵكردنی جیاوازییەكانی یەكتر، دەتواندرێت ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە و دانیشتووانەكەی دەستەبەر بكرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌