2017-12-27

سەباح شێخانی

دیموكراتی یەكێكە لەو باسانەی ‮تەنانەت لە دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكانیش لە لایەن تاكی‮ ‬كوردستانەوە باس دەكرێت،‮ هەمووان بە شانازییەوە بانگەشەی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬دەكەن، چونكە كاتێك كە دیموكراتی گەشە دەكات، ناسنامەی تاكیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، تاك لەسەر ئاستی توانا و ئەندێشەكانی پێناسەی ناسنامەی خۆی دەكات، دیموكراتی بە شێوازە تەقلیدیەكەی بە مانای (دەسەلاتی گەل بۆ گەل دێت) بەڵام لە راستیدا دیموكراتی تەنیا لە چوارجێوەیەكدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو لە تەواوی ژینگە، پێداویستییەكانی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەوە ڕەنگدانەوەی هەیە. دیموكراسی، بە پێناسە سەردەمیانەكەی بریتییە لە: یەكسانی، دادپەوەری كۆمەڵایەتی، نەهێشتنی جیاكاری، پاراستنی مافەكانی مروڤ، سەروەری یاسا و دابینكردنی ئازادییە گشتییەكان، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە سیستەمی سیاسی دیموكرات، كۆمەڵگەیەكی تەندروست و خوشگوزەران و ئارامدا بەرهەم دەهێنێت.
دیموكراتییەت لە سەدەی هەژدەهەم و نوزدەهەمدا، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەك: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمریكا سەریهەڵدا كە لە ڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینییەوە تاڕاددەیەك  بێ كێشە بوون.
لە سیستەمی دیموكراتیدا، دەسەڵاتی (یاسادانان ، دادوەری، جێبەجێكردن) لە یەكتر جیادەكرێنەوە، بۆ ئەوەی  ئازادانە ئەركەكانیان ڕاپەڕێنن، لە هەمان كاتیشدا بە پێی ڕێسایەك، هەماهەنگیی لە نێوانیاندا ڕێكدەخرێت، هەرچەندە دیموكراتی بە شێوەیەكی گشتی دەرهاوێشتەی هەست و بیركردنەوەیەكی ژیرانەی مروڤە، بەڵام شێواز و جونیەتی پیادەكردنەكەی بەستراوەتەوە بە كات و شوێن، ئاستی دابەشبوون و هۆشیاری كۆمەڵایەتییەوە.
لای جۆن لۆك (١٦٣٢ – ١٧٠٤) دیموكراتی بریتییە لە حكوومڕانی زۆ‌رینە، لە هەمان كاتدا مافی كەمینە رێز لێگیراوە، لادان لەو بنەمایە پرۆسەی دیموكراسی دەخاتە ژێرگومان و پرسیارەوە.
ئەگەر ئەم پێناسەیەی "جۆن لۆك" لەسەر عێراقی لای خۆمان جێبەجێ بكەین، دەبینین لە دۆخێكی خراپی بێ متمانەیی و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەدا گوزەر دەكات و سێ پارێزگای گەورەی سوننەشین  خاپوور كراوە و دانیشتوانەكانیشیان سەرگەردان و پەراگەندەی وڵاتان و شارەكانی تری عێراق و كوردستان بوونە، كەچی حكوومەتەكەی عەبادی باسی دەستوور و دیموكراتی دەكات.
ئەگەرچی باس و خواسی دیموكراتی بابەتێكی زیندووە لە عێراق، بەڵام لە مێژووی خۆیدا، هەرگیز خاكی عێراق یەك ماڵ نەبووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ درزی نێوان پێكهاتەكان گەورەتر دەبێت و هەر پێكهاتەیەكیش هەوڵی دەسكەوت و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خۆی دەدات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌