2017-12-28

  سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) چەندین ڕەخنەی لە حکوومەتی بەغدا گرت و جەختی کردەوە کە "بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێ". ڕووی زیاتری قسەکانی (نێچیرڤان بارزانی) لە (حەیدەر عەبادی) بوو.

ڕەخنەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زیاتر لەبارەی سیاسەتی ئێستای حکوومەتی بەغدایە، کە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی گرتوویەتەبەر. سەرۆکوەزیرانی بەغدا، (حەیدەر عەبادی) لە داوکۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسیی خۆیدا ڕەخنەی لە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان و داهاتەکەی گرت. (نێچیرڤان بارزانی) وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و گوتی، "زانیارییەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا دوور بوون لە ڕاستی." ئێستا سەرۆکی حکوومەت، لیژنەی نەوت و گازی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بە ژمارە  وەڵامێکی ڕوونکردنەوەی هەبێت لەبارەی قسەکانی (عەبادی)یەوە.

سەرەڕای چەندین دەستپێشخەری بۆ دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا، حکوومەتەکەی (عەبادی) ماوەی قەدەغەکردنی گەشتی دەرەکی لە فرۆکەخانەکانی کوردستانی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کردەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا دەربڕی و دەڵێت: ''زۆر زۆر بەداخەوە کە حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سزای خەڵکی خۆی بدات. سەرۆکوەزیرانی بەغدا پرسی دەروازە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان وەک کارتی گوشار بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت. داخستنی ئەو شوێنانە کاریگەریی لەسەر خەڵک و نەخۆش و ئاوارەکان هەبووە.''

هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وردبینیی حکوومەتی بەغدا لە میلاکاتی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی کوردستان کرد، بەڵام نەیشاردەوە کە تا ئێستا بەغدا تەنیا مووچەی ٤٢٠ کارمەندی بەنداوەکانی کوردستانی ناردووە.

(نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێ. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی بەغدا خەمی خەڵکی کوردستانییەتی، ئەدی بۆ لە خورماتوو ناپرسێتەوە. هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا هیچ ڕاست نین و دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.''

"تەعریب بوەستێنن"

ماوەیەکە هەندێ هێز و لایەنی عێراقی هەوڵی تەعریبکردنی چەند ناوچەیەک لە سنووری جوگرافیایی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدەن. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو هەوڵانە دەربڕی و جەختی لە وەستاندنیان کردەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: ''لە هەندێ سنوور تەعریب دەستی پێ کردووەتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و ناسەقامگیریی لێ دەکەوێتەوە. داوا لە حکوومەتی بەغدا دەکەین ئەو هەوڵانە ڕابگرێ و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بێتە ناو مەسەلەکەوە. بە تەعریبکردن، شایەتی ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەبین.''

 

پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکان

دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆماری عێراق و چەند وڵاتێک، هەندێ لە هەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی (عەبادی)ی بەرانبەر بە کوردستان گۆڕی و وەک (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: "هەندێ خاڵی ئەرێنی دەبینین.''

سەرۆکی حکوومەتی کوردستان پێشوازیی لە قسەکانی هەر یەک لە (نووری مالیکی) و (ئەیاد عەللاوی) لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام ئامادەییان بۆ دانووستان هەیە. (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''تا ئێستا بە مەبەستی دانوستان هیچ شتێکی فەرمیمان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە پێ نەگەیشتووە. ئێمە پێشوازی لە دانوستانی جیددی دەکەین و ئەگەر سەقامگیریمان دەوێ، ئەوە ڕێگەچارەکەیەتی.''

کۆبوونەوەی سێقۆڵی

دۆخی ناوخۆی کوردستان و هەڵبژاردنەکان، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''ئەمڕۆ لەگەل یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووینەوە. ئەوان بەرپرسیارانە کاریان کردووە و ئێمەش هەوڵ دەدەین تا ئەو ڕاددەیەی لە تواناماندا بێت، داواکانیان جێبەجێ بکەین کە داوای ڕەوان و لە بەرژەوەندیی خەڵکدان.''

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئاشکرای کرد کە کورد سەیری دۆخەکە دەکات و بە پێی دۆخی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆی، هاوپەیمانی دەکات. بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەی سێقۆڵییان هەبێت و تێیدا بڕیار لەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌