2017-12-28

  عەرەبە شۆڤێنییەكانی سەردەمی رژێمی بەعس، ھەڕەشەی دەكردنی سێ گوندی كورد لە شارەدێی سەرگەڕان دەكەن و بەرپرسێكی كوردیش دەڵێ، دوێنێ بە بڕیاری پارێزگاری كەركووك و بە ھێزی سەربازییەوە چوونەتە سەر ئەو گوندانەی كورد و ھەڕەشەی ئەوەیان كردووە ئەگەر ناوچەكە چۆڵ نەكەن، ئەوا خانووەكانیان دەسووتێنن و دەستگیریان دەكەن.

(كامەران رەحمان) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سەرگەڕانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، ئەو عەرەبانەی بەعسی بوون و لە سەردەمی رژێمدا مڵكی كوردیان داگیر كردبوو، گەڕاونەتەوە سنووری شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچكەی دوبز و ھەڕەشەی دەركردنی كوردانی سنوورەكە دەكەن، بەڵام ھاووڵاتیانی كورد رەتیان كردبووەوە گوندەكانیان چۆڵ بكەن و بەردەوام كێشە بۆ گوندنشینانی كورد دروست دەكرا، بە تایبەتی لە گوندەكانی پەلكانە و سارەلی و ژمارەیەك گوندی سنوورەكە".
ئەو بەرپرسە هەروەها گوتی، "زیاتر لە مانگێكە گوشارێكی زۆر لەسەر كورد ھەیە بۆ جێھێشتنی گوندەكانیان، تا كار گەییشتە ئەوەی دوێنێ چوارشەممە دەزگای هەواڵگریی عێراق بە بڕیاری (راكان سەعید)ـی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك، لەگەڵ عەرەبە بەعسییەكان ھەڵیانكوتاوەتە سەر سێ گوندی شارەدێی سەرگەران و ھەڕەشەی ئەوەیان لێ كردوون ئەگەر بۆ ماوەی سێ رۆژ خانووەكانیان چۆڵ نەكرێت، ئەوا دەستگیردەكرێن و لە گوندەكانیان دەردەكرێن".
بە گوتەی (رەحمان)، "ئێستا كار گەییشتووەتە ئەوەی بە نووسراوی فەرمیی پارێزگاری كەركووك و بە ھێزی سەربازی دەیانەوێ كورد دەربكرێت لەو سنوورە، ھێزێكی پۆلیسی فیدڕاڵ لە گوندی سارەلی نزیك گوندی پەلكانە جێگیر كراوە و ھەڕەشە لە ھاووڵاتیانی كورد دەكات، ئێمەیش وەك دامودەزگەكانی شارەدێی سەرگەڕان لە دوێنێوە نەتەوە یەكگرتووەكان و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لەو بەعەرەبكردنەی سنوورەكە ئاگادار كردووەتەوە".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌