2017-12-28

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دابینكردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێشینه‌ى كارى حكوومه‌ت ده‌بێت بۆ ساڵى ٢٠١٨ و له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌ییى خۆى بۆ پێشوازیكردن له‌ هه‌ر ده‌سپێشخه‌رى و هه‌نگاوێك ده‌ربڕى كه‌ ببێته‌ هۆى دابینكردنى مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێكاره‌ ده‌ستوورییه‌كان.

 پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٨/١٢/٢٠١٧ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى  (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ساڵى ٢٠١٧ى ئه‌نجام دا.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌ره‌تا‌ پیرۆزبایى هاتنى ساڵى تازه‌ى له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان و عێراق و گه‌لانى جیهان كرد و هیواى ساڵێكى به‌خته‌وه‌ر و پڕ له‌ ئاشتى ئارامى بۆ خواستن. ئینجا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقى تاوتوێ كرد و تیشك خرایه‌ سه‌ر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى چه‌ند لیژنه‌یه‌كى ته‌كنیكى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقدا كه‌ حكوومه‌تى عێراق داواى پێكهێنانیانى كردووه‌ بۆ گفتوگۆ ده‌رباره‌ى پرسى فڕۆكه‌خانه‌كان، سنوور و ده‌روازه‌كان، وێڕاى داواكردنى لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ لە وه‌زیرانى ناوخۆ، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و دارایى و ئابوورى سه‌باره‌ت به‌ كارى ئه‌و لیژنانه‌ ڕاپۆرتیان پێشكه‌ش كرد. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشوازى له‌ ده‌سپێشخه‌ریى پێكهێنانى ئه‌و لیژنانه‌ و نیازى حكوومه‌تى عێراق بۆ خه‌رجكردنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌تا داواى لیستى مووچه‌خۆرانى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى كردووه‌.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دیالۆگ و كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌ردوولا به‌ ڕێگه‌ى ڕاسته‌ ده‌زانێت بۆ ده‌ستنیشانكردنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا. بۆ ئه‌مه‌ش جارێكى دیكه‌ ئاماده‌یى نیشان دا تاكو زانیاریى ته‌واو و لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى سیستمى بایۆمه‌ترى بخاته‌ به‌رده‌ست لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ، وه‌ك چۆن پێشتر به‌ نووسراوى فه‌رمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ئاماده‌ییه‌ى بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ، نیشان دابوو.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دابینكردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێشینه‌ى كارى حكوومه‌ت ده‌بێت بۆ ساڵى ٢٠١٨ و له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌ییى خۆى بۆ پێشوازیكردن له‌ هه‌ر ده‌سپێشخه‌رى و هه‌نگاوێك ده‌ربڕى كه‌ ببێته‌ هۆى دابینكردنى مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێكاره‌ ده‌ستوورییه‌كان.

 ده‌رباره‌ى ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و خه‌رجكردنى شایسته‌ داراییه‌كانیان و تواناى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى مووچه‌ و ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ دوایین كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانیى (حه‌یده‌ر عه‌بادى) سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدرالدا سه‌باره‌ت فرۆشى هه‌نارده‌ى ڕۆژانه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان خرانه‌ ڕوو، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز و وه‌زا‌ره‌تى دارایى و ئابوورى ڕاسپارد بۆ خستنه‌ڕووى ژماره‌ و زانیاریى دروست له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ تاكو هه‌م  سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدرال و هه‌م ڕاى گشتیش له‌و ڕاستییه‌ دڵنیا ببنه‌وه‌ كه‌ داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ ته‌واوى بۆ مووچه‌ى مووچه‌خۆران خه‌رج كراوه‌.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ به‌ر ڕۆشناییى یاساى فرۆشتن و به‌كرێدانى مڵك و ماڵى ده‌وڵه‌ت، پڕۆژه‌ بڕیارێكى په‌سه‌ند كرد سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئۆتۆمبیله‌ به‌كارهاتووه‌كانى میرى له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌و ئۆتۆمبیلانه‌ى كه‌ بۆ خزمه‌تگوزاریى گشتى به‌كار ده‌هێنرێن. ئه‌مه‌ش وێڕاى ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ داهاتێك، ڕۆڵى ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیى ئۆتۆمبیل له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ى گشتى و ڕێگه‌گرتن له‌ به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتن له‌ ئۆتۆمبیلى میرى بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌ت.

 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرۆژیاساى پاراستنى دامه‌زراوه‌ و تۆڕه‌كانى ئاو و ئاوه‌ڕۆى په‌سه‌ند كرد كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌. ئه‌م یاسایه‌ ڕۆڵى ده‌بیت له‌ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى ئاو بۆ سوودمه‌ندان به‌ شیوه‌یه‌كى گونجاو، وێڕاى ڕێگه‌گرتن له‌ زیانگه‌یاندن به‌و دامه‌زراوانه‌ و سزادانى ئه‌وانه‌ى زیان به‌ دامه‌زروه‌كانى ئه‌م كه‌رته‌ گشتییه‌ ده‌گه‌یه‌نن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌