2018-01-09

  نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لە لیژنەی وردبینیكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران رەتی دەکاتەوە ھیچ كێشەیەك لەو لیستەی فەرمانبەرانی هەرێمدا هەبووبێ کە بۆ بەغدا ناردوویانە و گوتی، بڕیارە دوای وردبینیكردن سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن.
دەنگۆی وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە کێشە لەو لیستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا کە بۆ بەغدا نێردراوە، كێشە ھەیە و بەغدا داوای كردووە چاكی بكەنەوە و دووبارە بۆیان رەوانە بكەنەوە.
نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لە لیژنەی وردبینیكردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەران یووسف سوورچی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە لیستی مووچەمان رادەستی بەغدا كردووە و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە كە وردبینی دەكەن و، ھەر كێشەیەكیش ھەبێت پەیوەندی بە ئێمەوە دەكەن، تا ئێستایش باسی ھیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئێمە نەكردووە و لە وردبینیكردن بەردەوامن".
یووسف سوورچی گوتیشی، "ھیچ وادەیەكی دیاریكراو نییە و حکوومەتی عێراق سەرقاڵی وردبینیكردنن، ھەر كاتێكیش تەواو بوو، ئەوانیش سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە جارێ دیار نییە چ كاتێك وردبینی دەكرێت و چ كاتێكیش سەردانی ھەرێم دەكەن، چونكە ئەمە پەیوەستە بە كارەكانەوە."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌