2018-01-09

سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ جێگری کونسووڵی ئەڵمانیا لە هەولێر سەبارەت بە ڕەوشی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە قۆناغێكى زۆر هەستیاردا تێدەپەرێت و پێویستى بە چارەسەركردنى ژیرانەى كێشەكانە.

ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەددین، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبی سیاسی پێشوازیى لە خاتوو، هێلێنا مێركس، جێگرى كونسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد.

لە دانشتنێكدا، فازڵ میرانى، وێراى زۆر بەگەرمى بەخێرهێنانى میوان سوپاسی گەل و حكوومەت و سەركردایەتیى سیاسیی هەرێمى كوردستانى ئاراستەى گەل و حكوومەتى ئەڵمانیا كرد بۆ ئەو هاوكارى و پشتیوانییەى كە لە پێشمەرگە و گەلى كوردستان لە شەڕى دژى گرووپى تیرۆریستیى داعشدا كراوە.

میرانى تیشكى خستەسەر ڕەوشی ئەمڕۆى هەرێمى كوردستان و عێراق و ئەو هەنگاوانەى كە لە ئارادانە بۆ دەستپێكردنى گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا و خۆئامادەكردنى لایەنە سیاسییەكانى عێراق بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە عێراق و هەروەها خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكان لە هەرێمى كوردستان.

سەبارەت بە ڕەوشی عێراق بە گشتى میرانى تەئكیدى كرد كە عێراق بە قۆناغێكى زۆر هەستیاردا تێدەپەرێت و پێویستى بە چارەسەركردنى ژیرانەى كێشەكانە.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هێلێنا مێركس سوپاسی ڕەخساندنى ئەم دیدارەى كرد و پاڵپشتیى حكوومەت و گەلى ئەڵمانیاى بۆ هەرێمى كوردستان دووپات كردەوە و تەئكیدى كرد، كە دەوڵەتى ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنى هەرێمى كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و هیواى خواست كێشەكانى نێوان هەولێر و بەغدا بە زووترین كات چارەسەر بكرێن و بگەن بە ئەنجامێكى باش كە لە خزمەتى گەلانى عێراقدا بێت و هیواى خواست كوردستان هەر لە گەشەسەندندا بێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌