لە هەرێمی كوردستان 75 -%80ی كۆمپانیاكان بەناوی ئافرەتانەوەیە |
2018-01-10 |
 |
|
|
خەبات: هەولێر كۆمەڵەی كارسازی خانمانی كوردستانی رایدەگەیەنێت قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كاریگەریی لەسەر ئافرەتانی كارساز داناوە و بەشێكیان بەو هۆیەوە مایەپووچ بوون، سەرۆكی ئەو كۆمەڵەیە، تریسكە ئیحسان ئەسعەدی لە لێدوانێكدا دەڵێت: 64 ئەنداممان هەیە و دەمانەوێت ئەندامی زیاتر وەربگرین، لە كوردستاندا ئافرەتانی خاوەنكار زۆرن، بەڵام بەشێكیان ئەندامی ئێمە نیین". سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازی خانمانی كوردستان، تریسكە ئیحسان ئەسعەدی لە هەفپەیڤینێكدا تیشك دەخاتە سەر كۆمەڵەكەیان كە تایبەت بە ئافرەتانی كارساز لە هەرێمی كوردستان و سەرەتا لەبارەی كۆمەڵەكەیانەوە رایدەگەیەنێت "كۆمەڵەی كارسازی خانمانی كوردستان لە 22ی تەمووزی 2012 دامەزراوە، دەستەی دامەزرێنەر 15 كەس بووین، لەسەر كۆمەڵەكانین لە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستاش 2018 نزیكەی 64 ئەنداممان هەیە، كۆمەڵەكەمان ?ەستاوە بە كۆكردنەوەی ئەو ئافرەتانەی كاری سەربەخۆی خۆیان هەیە و ئافرەتان لە زۆر بواردا كاردەكەن لەكاری دەستییەوە تا كاری گەورەی وەكو وەبەرهێن و بەڵێندەر و خاوەنی كۆمپانیا و شتی دیكەش، ئەندامیەتی لە لای ئێمە چوار پلەیە ئەوانیش A.B.C.D سەبارەت بەوەی ئافرەتانی كارساز هەموویان ئەندامن لە كۆمەڵەكەی ئەوان، ئەو دەڵێت: "ئافرەتێكی زۆری كارساز لە هەرێمی كوردستان هەیە و هەموویان ئەندامی ئێمە نیین، بەڵام ئێستا سەرقاڵی پڕۆژەیەكیین بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی كارسازن لە هەرێمی كوردستان كۆیان بكەینەوە و لە نامیلكەیەكدا زیاتر پێناسەیان بكەین، راستە ئەنداممان كەمە، بەڵام هۆكار زۆرن، بە نموونە هێشتا زۆر ئاشنا نیین بە كۆمەڵەكەمان، یان بەشێكی ئافرەتان نایانەوێت خۆیان بهێننە پێشەوە، بەڵام ئێمە دەرفەتییان دەدەینێ بۆ ناسینی زیاتر و بۆ ئەوەی توانای خۆیان دەربخەن، بەڵام ژمارەی ئەنداممان بەرەو زیاتر دەچێت". لەبارەی كاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر كارەكانی ئەوان تریسكە ئەسعەدی دەڵێت: "قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كاریگەریی لەسەر ئافرەتانی كارسازیش هەبووە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش لە هەندێك شوێن بووەتە هۆی ئەوەی هەندێك ئافرەتی كارساز مایەپووچ ببن و زیانی زۆریان پێ بگات". هەروەها هێما بۆ دەستڕەنگینی و توانای ئافرەتانی كوردستان دەكات و دەڵێت: "ئەوان لە زۆر بواردا بەرەو پێش چوون و ئێستا لە كوردستان ئافرەت هەن خاوەنی نەخۆشخانەن، خاوەنی قوتابخانە، پارێزەر، پزیشك، بەڵێندەر، دەرمانساز، وەبەرهێن، هی دیكەش، تا كاری دەستی، ساڵۆنیان هەیە، هەروەها لە چەند بوارێكی دیكەی وەكو گەشتیاری و بیناسازی و هی تریش. لەدرێژەی قسەكانیدا تریسكە ئیحسان ئەسعەدی سەبارەت بە سەرمایەی ئافرەتانی كارساز لە كوردستاندا دەشڵێت "كار لەسەر ئەوە دەكەین بزانیین كە چەند ئافرەتی سەرمایەدارمان هەیە. لە كوردستاندا زۆر كۆمپانیا هەن بەناوی ئافرەتەوەن یان خێزان و پیاوان كاری لێ دەكەن، بۆیە ئێستا دەتوانم بڵێم نزیكەی 75 تا 80 لەسەدی كۆمپانیاكان بەناوی ئافرەتانەوەن". روونیشی دەكاتەوە "بۆیە باشتر بزانرێت ئافرەتان كاردەكەن، ئێمەش لێرە زۆر هاریكارییان دەبین لە خولی كارگێڕی و خولی دیكە و دەیانناسێنین لە كۆنفڕانسەكانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراقیش لە وڵاتانی دونیا و ئەمەش دەرگایەكی باشە بۆ كاركردنی زیاتر و باشتر". سەبارەت بە بوونی هەلی یەكسانیش لەبەردەم ئافرەتاندا بۆ كاركردن، سەرۆكی كۆمەڵەكە دەڵێت "?ەلی كار یەكسانە بۆ ئافرەتان و پیاوان لە هەندێك بوار، بەڵام لە زۆر بواریش ئەو یەكسانییە نییە، دەشبێت لەپێشترێتی بدرێت بە ئافرەت، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئافرەتان ئەوەیە كە رۆتینی زۆر هەیە لەبەردەم كاركردنییان". سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازی خانمانی كوردستانی لەدرێژەی قسەكانیدا تیشك دەخاتە سەر ئەو بازاڕەی بڕیار بوو لە هەولێر تایبەت بكرێت بۆ ئافرەتان و روونی دەكاتەوە "بڕیار بوو بازاڕەكە بكرێتەوە بازاڕێكی تایبەت بە ئافرەتان و لەگەڵ بەڕێوەبەری داون تاون قسەمان كرد، هەموو شتێك ئافرەت بێت تەنانەت پۆلیس و سیكیوریتی و ئەوەش وایدەكرد ئافرەت زیاتر كار بكات و بچێتە نێو بوارەكەوە، ئافرەتان هانبدرێن بچنە بازاڕەوە لە رێگەی ئەوەی ئەو بازاڕە نزیكە لە بازاڕی گەورە لە هەولێر لە سەنتەری شار، دەمانتوانی لە هەندێك كاردا ئافرەت تایبەتمەند بكەین بەتایبەت كە ئێستا هەندێك كار هەیە تەنها پیاوان دەیكەن، دەمانتوانی ئەگەر ئەو بازاڕە ببێت ئەوا ئاسانكاریش بۆ ئافرەتان بكەین، بەڵام دواتر پڕۆژەكە درایە پیاوان و ئیتر ئێستا پیاوانی تێدایە". دەشڵێت: بڕیار بوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتانی كارساز لە هەرێمی كوردستان رێكبخرێت، بەڵام بە هۆكاری رووداوەكانی داعش و قەیرانی داراییەوە ئەویش دواخرا، دەشڵێت "كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە هەولێر بكرێت لە هەرێمی كوردستان، ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ بارودۆخی كوردستان لە مانگی ئاداری 2013 لەگەڵ دەستەی كارگێڕی و سەرۆكی ئەوكات بەنیازی ئەوە بووین و ئێستاش نیازمان هەیە، بەڵام بارودۆخەكە گۆڕا و زۆر شت نەمانتوانی بیكەین بۆیە جارێ لێیگەڕاوین". تریسكە ئەسعەدی لە كۆتایی قسەكانیدا باس لەوە دەكات تا رادەیەك ئاسانكاریی بۆ ئافرەتان و كۆمەڵەكەیان لە كاردا دەكرێت و رایدەگەیەنێت "تا رادەیەك ئاسانكاری دەكرێت لە لایەن حكوومەتەوە، بەڵام كێشەمان ئەوەیە ئافرەتانی زیاتر بێنە كۆمەڵەوە و تەندەر و شتی زیاترمان پێ بدرێت وەكو ئافرەتان، داوامان كردووە لە تەندەر و كارەكاندا پشكێك بۆ ئافرەتان دیاری بكرێت". |
|
|
|
|