2018-01-11

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەیەوێت بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ مەرامی سیاسی بەكاربێنێت، ھاوكات سوننەكانیش نیگەرانن لە پشتگوێخستنی داواكارییەكانیان و داوادەكەن، عەبادی بەكردەوە بەڵێنەكانی لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان جێبەجێ بكات.

نزیكەی دوو مانگە حەیدەر عەبادی، قەوانی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لێدەدات، ھاوكات حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامار و داتاكانی ئەو وەزارەتانەی بۆ بەغدا ناردوون كە عەبادی داوای كردوون، بەڵام ھەر رۆژە و بە بیانوویەك ناردنی مووچە دوادەخات، ئێستاش كار لەسەر ئەوە دەكات ھیچ رۆڵێك بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان نەھێڵێتەوە و وەك زیقار و واست مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر عەبادی جدی بێت لە چارەسەركردنی كێشە ئیدارییەكان، حكومەتی ھەرێم ئامادەیی تەواوی نیشانداوە، بەڵام ئەگەر حكومەتی عێراق بیەوێت، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەكانی ھەرێمی كوردستان بكات، بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێم، ئەوە پێشێلكردنی دەستوورە".

عەبادی نەك ھەر لەبارەی دۆزی كوردەوە، بەڵكو سوننەكانیشی پەراوێزخستووە و گوێ بەداواكارییەكانیان نادات و دوای كۆنتڕۆڵكردنەی ناوچەكانیان تاكو ئێستا نە ھەوڵی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و نە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتوەكانداوە.

فاروق بابان، چاودێری سیاسی عێراق بە كوردستان24 گوت: "لێدوانی زۆرمان گوێ لێدەبێت، بەڵام شتێكمان بە كردەیی دەوێت، شتێكی راستەقینەبێت، عەبادی دەڵێت ئەمەو ئەوە دەكەم، ئاوارەكان دەگەڕێنیتەوە، ھاوكارییان دەكەین، بەڵام كوا بەڵێنەكان جێبەجێدەكرێن".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌