2018-01-22

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌نگی له‌سه‌ر هه‌مواركردنى یه‌كه‌مى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان دا و، به‌پێی یاساكه‌، په‌رله‌مانى داهاتوو به‌پێی سیستمی سانت لیگۆ به‌ڕێژه‌ى 1.7 ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌ك چاودێران ئاشكراى ده‌كه‌ن، هه‌ر لیستێك پێویستى به‌زیاتر له‌ 58 هه‌زار ده‌نگ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت بچێته‌ په‌رله‌مان.

 ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتارى كورد له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "به‌پێی هه‌مواركردنه‌كه‌، ده‌بێت په‌رله‌مانتار هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس بێت".

هه‌روه‌ها، گوتیشی: "له‌دانیشتنه‌كه‌دا، ده‌نگ له‌سه‌ر ماده‌ى سێیه‌مى یاساكه‌ درا، كه‌ تێیدا كورسییه‌كى په‌رله‌مان به‌ كوردانى فه‌یلی پارێزگاى واست ده‌درێت".

هه‌ر به‌پێی هه‌مواركردنه‌كه‌، ده‌بێت كاندیده‌كان سه‌ر به‌ هیچ هێزێكى چه‌كدار و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان نه‌بێت، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ماده‌ى چواره‌م دا، كه‌ دابه‌شكردنى كورسییه‌كانه‌ به‌پێی سیستمی سانت لیكۆ به‌ڕێژه‌ى (1.7).

 لاى خۆیه‌وه‌، سادق مووسه‌وى، چاودێری سیاسی و ڕاوێژكارى پێشوو له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، ڕوونیكرده‌وه‌، ڕێژه‌ى (1.7) واتا هه‌ر لیستێك ده‌بێت 58.8 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت بچێته‌ په‌رله‌مان، له‌و ژماره‌یه‌ كه‌متر، ده‌نگه‌كانى ده‌به‌خشرێته‌ لیسته‌كانى تر.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌