2018-01-28

لیژنەی چاودێری دارایی عێراق كە وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی ‌و پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەكات، كارەكانیان لەنێو دیوانی وەزارەتی تەندروستی تەواوکرد و بڕیارە لە رۆژی دووشەممەوە بچنە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.
د. رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لیژنەی چاودێری دارایی عێراق كارەكانیان لەنێو دیوانی وەزارەتی تەندروستی كۆتاییهاتووە و بەنیازن لە رۆژی دووشەممە 29-1-2018 وە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەكان بكەن.
رێكەوت حەمەڕەشید گوتی: "لە رۆژی دووشەممەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەكان دەكەن، 11 ئەندامی لیژنەكە دەچنە سلێمانی،  9 ئەندامیان دەچنە دهۆك ‌و 6 ئەندامیشیان دەچنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر".
وەزیری تەندروستی باسی لەوە كرد کە تاوەكو لەنێو دیوانی وەزارەت كاریان كردووە، هەموو هاوكارییەكیان كردوون، دوای ئەوەش کارەکەیان تەواوکردووە، هیچ سەرنج و تێبینییەکیان بەوان نەداوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌