2018-01-29

 بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردی لە عەفرین دەڵێ، بە هۆی بۆردوومانی هێزەکانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکە، باری مرۆیی لە عەفرین و دەوروبەرەکەی تا بڵێی خراپە.

نووری قەنبەر هەروەها گوتی، "جووڵە و هاموشۆ لە ناوچەکانی جەندێرس و راجۆ و بلبل، هەروەها کۆی دانیشتوانی سەر سنوور وەستاوە."

ئەو بەڕێوەبەرەی مانگی سووری کوردی لە عەفرین بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، "١٠ ڕۆژە، هەزاران لە دانیشتیوانە سڤیلەکەی عەفرین لە ئەشکەوت و ژێرزەمینان خۆیان ‌حەشار دەدەن"، دەشڵێ "دابینکردنی خۆراک و خواردنەوە بۆ ئەو شوێنانە گەلێک سەخت و مەترسیدارە."

قەنبەر زانیاریی داوە، لە نۆ ڕۆژی شەڕدا، ٥٥ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لە دەست داوە کە ١٥ـیان منداڵن و، ١٤٢ـیش بریندار بوون کە لە نێو آەوانیشدا منداڵ ژن و بەتەمەنیان تێدا هەن، کە هیچ بەشداریێکیان لە کردەی سەربازیدا نەکردووە.

ئەو بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندی کوبلە بە کارەسات ناو دەبات، کە بە هۆیەوە تێکڕای ئەندامانی خێزانێک بوونە ئامانج کە دەیانەویست لە شەڕ و پێکدادانەکان ڕابکەن.

داوایش دەکات بۆردوومانی هێزەکانی تورکیا بوستێندرێ کە خەڵکی سڤیل بە هۆیەوە دەبنە قوربانی.

بە هۆی بەردەوامیی شەڕ و هێرشی سوپای تورکیاوە، لە نۆ ڕۆژ ڕابردوودا هەزاران لە خەڵکی سڤیل جێوڕیی خۆیانیان بەرەو ناوچە ئارامەکان جێ هێشتووە.نەخۆشخانەکانی عەفرینیش پڕن لە بریندارانی شەڕ.

هەڵبەتە بە هۆی بۆردوومان و تووندتربوونی شەڕ، ئاوارەبوون، کە کەمیی خۆراک و دەوا و دەرمانی بەدوای خۆیدا هێناوە، تا دێ مەترسیی هاتنەئارای قەیرانی مرۆیی ڕوو لە هەڵکشانە.

بەگوێرەی خەمڵاندنی یوئێن، ٣٢٤هەزار کەس لە عەفرین دەژیێن، لەو ڕێژەیەش ١٢٦هەزاری ڕایکردووە.

یونسێف بڵاوی کردووەتەوە، دانیشتوانی عەفرین ڕادەکەن و خۆیان دەگەیێننە کەمپەکانی ناوچەکە کە ١٢٥هەزار ئاواەی شەڕی تێدا نیشتەجێ کراون و دەیانەوێ سەلامەت دەرچن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ئاوارەکانی نێو ئەو کەمپانە و لەم وەرزی زستانەدا لە دۆخێکی گەلێک و سەخت و دژواردان.

ڕیکخراوی یونسێف هەروەها دەڵێ، ئەو خەڵکە سڤیلەی کە دەیانەوێ عەفرین جێبهێڵن، ڕییان لێ دەگیرێ و داواین لێ دەکرێ لە ژێرزەمینی خاونوەکانیاندا بمێننەوە. 

چەند ڕۆژێکە، سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد، هێرشیان بۆ سەر شاری عەفرین و دەوروبەری بەرپا کردووە، گوایە دەیانەوێ یەپەگە "یەکینەکانی پاراستنی گەل" وەدەر بنێن، کە تورکیا بە هەڕەشە بەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وەسفیان دەکات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌