2018-01-30

 پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ڕەوشی عەفرین و پرسگەلێکی تر لە کۆبوونەوەدایە، ھەریەک لە فراکسیۆنەکان پەیامیان پێشکەش دەکەن، فراکسیۆنی گۆڕانیش بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد. فڕاکسیۆنی پارتییش ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و بیانوو نەدۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد، ناوچەکە تەحەممولی شەڕی نوێ ناکات، شەڕ قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠ی ١ی ٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (٥)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم پەیوەست بە دۆخی عەفرین و پرسگەلێکی دیکە لە کۆبوونەوەدان، ھەریەک لە فراکسیۆنەکان پەیامی خۆیان دەربارەی عەفرێن پێشکەش دەکەن.

لەبارەی بایکۆتی فڕاکسیۆنی گۆڕانەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەعفەر ئێمینکی ڕایگەیاند: "با بابەتەکە بەلاڕێدا نەچێت و نەبێتە موزایەدە. لەبەرچاوی ئێمە دۆخێکی زۆر خراپ بەسەر بەسەر خورماتوو و کەرکووکدا ھاتووە، با برینەکان نەکەینەوە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان داوایان کرد دانیشتن بکرێت؟ ھیچ داوایەک بە دەست ئێمە نەگەیشت."

ئێمینکی هەروەها ڕایگەیاند: "سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری ناوچە کوردستانییەکانیان دا و داگیریان کرد، بەڵام داوای کۆبوونەوە نەکرا. ئەوەی بە پەرلەمان بکرێت بۆ عەفرین، بەئاگاخستنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانە. ھەرێمی کوردستان دەتوانێ چیی بۆ عەفرین بکات جگە لە پەیامی سیاسی و پشتیوانی؟"، گوتیشی، با قەبارەی بابەتەکە وەکوو خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، نەک مزایەدەی سیاسی پێوەبکرێت."

لە کۆبوونەکەدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی فراکسیۆنەکەیان لەلایەن ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆن پێشکەش کرد و، لە بەشێکیدا ڕایانگەیاند: "عەفرین خەمێکی قووڵە، بەڵام ئێمە پێش عەفرین ڕووبەڕووی کارەسات و خەمێکی قووڵتر بووینەوە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر.
پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و بیانوو نەدۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد، ناوچەکە تەحەممولی شەڕی نوێ ناکات، شەڕ قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە."

خۆشناو، لە دیدی یاسایی بۆ شەڕی تورکیا دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "ھەموومان دەزانین کە یاسای ڕێکخستنی پەیوەندی نێو گەلان و دەوڵەتان، جەخت لە ھێنانەوەی خواستی گەلان دەکات تا لە ئاشتی و تەبایی و دراوسێیەتی بەشدار بژیێن."

فراکسیۆنی پارتی لە بارەی پاساوەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند: "تورکیا چەمکەکانی وەک بەرگری لەخۆکردن و پاکتاوکردنی تیرۆر و مێژووی مانەوەی نەتەوەی تورک و لە ناوبردنی گرووپی بێ ناسنامە، وەک پاساو بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ و بەرپاکردنی جەنگ لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەکار دێنی."
ئەوە بۆ ١٠ ڕۆژ دەڕوات، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر عەفرین کە تورکیا بە "چڵە زەیتوون" ناوی دەبات، دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنەکە مەترسیی ئاوارەبوونی لەسەر دەیانهەزار ھاووڵاتیی شارەکە دروست کردووە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌