2018-02-01

ئەمڕۆ 14 ساڵ بەسەر كارەساتی یەكی شوبات تێپەڕدەبێت كە لە دوو كردەوه‌ی تیرۆریستیدا لە یەک ساتدا 101 سەرکرده‌ و کادیر و ئەندامی ئەو دوو حزبە لەناو دوو بارەگای پارتی و یه‌كێتی لە هەولێر شەهید كران.

لە 1ـی شوباتی 2004 بەهۆی دوو كردەوه‌ی تیرۆریستی لەناو هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە لە رێگەی دوو خۆكوژەوە ئەنجامدران، لە یەک ساتدا 101 كەسایەتی سیاسی و ئەندام و لایەنگری هەردوو حزبەكە و ژمارەیەك لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و پارتەكانی دیكەی سیاسی كە بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی هەردوو بارەگەكەیان كرد بوو، شەهید بوون.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ساڵانه‌ له‌و رۆژه‌دا یادی ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌ لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێى یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان لە پاڕكی شەهید سامی عەبدولرەحمان ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مساڵیش هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشوو بڕیاره‌ له‌ مه‌ڕاسیمێكدا له‌ پاڕكی شه‌هید سامی عبدولره‌حمان یادی ئه‌و رۆژه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ دانانی تاجه‌ گوڵینه‌ له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان، رێوڕه‌سمی یاده‌كه‌ له‌ كاتژمێر 10ـی به‌یانی تاوه‌كو 12 به‌ كراوه‌یی ده‌بێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌