2018-02-01

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ھیچ رێنماییەك لەبارەی ئەو پارەیەی حكومەتی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان دیاریكردووە نەھاتووە، وەزارەتی داراییش وردەكاری دابەشكردنی مووچە باشتر دەزانێت".

لەبارەی وادەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستانیشەوە دزەیی گوتی: "بەمنزیكانە حكومەت و پەرلەمان بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ ھەڵبژاردنەكان كۆدەبنەوە".

سەبارەت بە كەمكردنەوەی مووچەی كەسوكاری شەھیدان سەفین دزەیی، گوتی: "ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە و شەھیدان لەسەروبەندی ئەوەدان ئەو لیستە رێك بخەن، بۆ ئەوەی ھەموو كەس بە مافی خۆیان بگەن".

لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا گوتەبێژی حكومەتی ھەرێم رایگەیاند: "لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بەغدا كە سەردانی ھەولێریان كردبوو، لەسەر شەش خاڵی بنەڕەتی رێككەوتووین، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان واژووكراوە و دەقی رێككەوتنەكە براوەتە بەغدا، بۆ ئەوەی پیشانی عەبادی بدرێت، تا ئێستا لەبەر دەستی عەبادییە".

سەفین دزەیی، ئاشكرای كرد: "رەنگە لەسەرەتای ئەم مانگەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەریتانیا بكات".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌