2018-02-01

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

دوای ناردنی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆ هەولێر بەمەبەستی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی، بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو پارەیە دروستبوو، زۆربەی بۆ شكاندنەوەی حكوومەتی هەرێم دەڵێن عەبادی پارەی نارد! ئاخر ئەو دەستەواژەیە رێك سووكایەتییكردنە بە هەست و شعوری خەڵكی كوردستان و ئاماژەیەكیشە كە هێشتا بەشێك لە خەڵكی ئێمە توانای درككردنی بە راستییەكان وەك خۆی نییە و زیاتر لەسەر سۆز و عاتیفە بڕیار دەدات و قسە دەكات، نەك لەسەر بنەمایەكی لۆژیكی بۆچوونەكانی دەرببڕێت.
ئەوە راستە بە فەرمانی عەبادی ئەو پارەیە نێردراوە، بەڵام پێویستە راستییەكە وەكخۆی باس بكرێت كە ناردنی ئەو پارەیە خێری عەبادی نییە بۆ فەرمانبەرانی كوردستان، بەڵكوو هەرێمی كوردستان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە زۆربەی هەرە زۆری بیرە نەوتییەكانی لە لایەن عێراقەوە داگیركراون و بە‌ هۆیەوە كەمبوونەوەی داهاتی حكوومەتی لێكەوتووەتەوە، هاوكات حكوومەتی عێراقیش هەموو هەوڵێكیدا بۆ ئەوەی دیسانەوە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بمێنێتەوە و ئیش بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم نەكات.
دەی هەولێر ریفراندۆمی لە‌م قۆناغەدا‌ بۆ رێگریكردن لە شەڕ و ماڵوێرانی زیاتر سڕكرد، ئەمەش نەك بەو مانایەی بڵێین كورد مافی جیابوونەوەی نییە، بەپێچەوانەوە كورد دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی نەبووە، بەڵام دۆخە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكە و گوشاری نێودەوڵەتی، وای خواست كە هەولێر لەسەر داوای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئێستا ئەنجامی ریفراندۆم سڕبكات و بە دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن، كەوایە لێرەدا ئەو پارە ناردنە هیچ خێر و سەدەقەیەك نییە و بەڵكوو مافی یاسایی و مرۆیی گەلی كوردە و كوردیش نابێت لەوە زیاتر مافەكانی خۆی وەك خێر بە خۆی بفرۆشێتەوە، مادام ئەوان رێگربوون لەوەی كورد جیابێتەوە و زۆرترین چەكی ئەمەریكی و میلیشیایان هێنایە سەر كوردستان تەنیا بۆ ئەوەی كورد بە زۆر بە عێراق بلكێننەوە، ئێ خۆ پێویستە لەمەودوا هەتا قۆناغی جیابوونەوە بەغدا مووچە بنێرێتەوە، ئەمە نە شوورەییە، نە تەنازولە، مافە و منەتی تێدا نییە، چونكە بەغدا دەستی بەسەر داهاتی هەرێمدا گرتووە و بەگوێرەی ئەو دەستوورەی كە عەبادی زۆر باسی دەكات، كوردیش پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراقە و‌ پێویستە و بگرە ناچاریشە كە نەك مووچە، دەبێ كۆی شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكات و ئەمەش نە خێرە و نە هاوكارییە، وەرگرتنی ئەو مافە دەستوورییەیە كە كورد و عەرەب و توركمان دەنگیان لەسەر ئەو دەستوورە داوە.
 گرنگە كوردیش مادام لەو قۆناغەدا مانەوەی لە تەك عێراقدا قبووڵكردەوە، پێداگری لەسەر وەرگرتنی مافەكانی خۆی بكاتەوە و لە یەك دیناری خۆی خۆش نەبێت، مادام ئێمە لە ئێستا لەگەڵ بەغدا ماوینەتەوە، جا بە خۆشی بێت، یان هەر شێوەیەكی دیكە، نابێت ناردنی مووچە و شایستەی دارایی وەك خێر بە خۆمان بفرۆشینەوە، ئەوە هیچ منەتێكی تێدا نییە و پێویستە دابینبكرێت، ئەگینا لەسەر بەغدایە رێگە بە ئابووری و خۆبژێوی كوردستان بدات هەتا جیابوونەوەش، مادام ئەوانەی قبووڵ نییە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جارێ هەمان رەئی بەغدای هەیە، ئێ ئەمە بەو مانایە نییە ئەوەی لە بەغداوە دێت هاوكاری بێت، یان خێر، ئەوە مافە و پێویستیشە هیچ منەتێك بەسەر هەولێرەوە نەكرێت، بەداخەوە ئەوەندەی كورد خۆی خۆی بچووك دەكاتەوە، نیو هێندە عەرەبەكان ئەوە بەرانبەر كورد ناكەن و ئەوان دەڵێن حكوومەت مووچەی دابینكرد، بەڵام كوردەكەی خۆمان بۆ بچووككردنەوەی كورد، دەڵێن عەبادی پارەی نارد! ئەرێ كەس نییە بەو خەڵكە بڵێت خۆ عەبادی ئەو پارەیەی لە گیرفانی خۆیدا دەرنەهێناوە، رێك هی ئەو بیرە نەوتانەیە كە هی خەڵكی كوردستانن و ئەو داگیری كردوون‌ و پێویستیشە پارە بۆ هەولێر بنێرێت.
ئەو پشوو درێژیەی حكوومەتی هەرێمیش هێندەی دیكە عەبادی ناچاركرد‌ بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، چونكە ئەو نەیدەویست بەم ئاسانییە هەنگاوی لەمجۆرە بهاوێت، بەڵام لێرەدا حكوومەتی هەرێم زیرەكانە گەمەكەی بردەوە و هەر هیچ نەبێت لە قۆناغی یەكەمدا توانی ئەو پارەیە لە بەغدا وەرگرێتەوە، ئەگینا بەغدا دەیویست ئەو دۆخە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی نەوتەكە بفرۆشێت و دواتریش شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستان بكات و بە ‌بەرچاوی خەڵك و فەرمانبەری كوردەوە، زۆرترین مووچە بداتە فەرمانبەرانی بەغدا تاكو خەڵكی كوردستان بێتاقەت بن و ئاڵۆزی دروست ببێت، بەڵام كاتێك هەولێر پێداگری بەردەوام لەسەر دیالۆگ دەكات، ئەمە بووە هۆی ئەوەی‌ عەبادی ناچار بێت پارە رەوانە بكات، چونكە دەبێت رەوانەی بكات، ئەگینا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دووچاری ئیشكالییەت دەبێتەوە و رەخنەی زۆرتری ئاڕاستە دەكرێت لەسەر ئەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان دابین ناكات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر لەسەر دەوڵەتیش لەسەر كورد بەدەنگ نەهاتن، بەڵام لەسەر ناردنی مووچە كە هەقی خەڵكی كوردستانە، تاسەر رێگە بە عەبادی نادەن و بگرە گوشاریشی دەخەنە سەر بۆ ناردنی مووچە، ئاخر ئەمە مافە و خێر،  بە خۆشی بێت یان ناخۆشی، لەسەر حكوومەتی عێراقە مووچە و شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان دابینبكات، واتە عەبادی خێر بە خەڵكی كوردستان ناكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌