2018-02-05

 حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بڕیاری داخستنی نزیکەی پەنجا مەرزی نافەرمیی و سێ مەرزی فەرمیی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیای دەرکردووە. پەرلەمانتارێک دەڵێ، زیاتر لە ٤٠ ھەزار کەس بێکار بوونە.

بە گوتەی شێخ مستەفا، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ رەوشی بازرگانی گەشەی کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشەی ئابووری گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لەو مەرزانەی داخراون، لە چوار مەرزی نێودەوڵەتی جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و خەریکە ھەرێمی کوردستان بەرەو بوژانەوە دەچێت.
ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی زانیاریی دا کە "بڕیارە دوو مەرزی دیکە کە ئەوانیش مەرزی سەیرانبەن و کێلێن، بکرێن بە دەروازەی نێودەوڵەتی".

عەبدولڕەحمان عەلی، کە ئەندامی لیژنەی مافی بەکاربەرە لە پەرلەمانی کوردستان، مەرزەکان وا پۆلین دەکات و دەڵێ، سێ جور مەرز ھەن لە ھەرێمی کوردستان کە چوار لە مەرزەکان نێودەوڵەتین و، پێنج مەرزی دیکەش فەرمین بەڵام نێودەوڵەتی نین، وەک  مەرزی  تەوێڵە، سەرتەکی گەرمیان، سەرزێڕێ، کێلێ و سەیرانبەن.
عەبدولڕەحمان عەلی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی "چەند رۆژی رابردوو، شاندێکی بازرگانیی بەغدا سەردانی ھەردوو مەرزی فەرمی کێلێ و سەیرانبەنی کردبوو بە مەبەستی بەنێودەوڵەتیکردنیان، بەڵام دوای گەڕانەوەیان، بەغدا بڕیاری گرتنی ھەموو مەرزە لاوەکی و سێ مەرزی فەرمیی دەرکردووە."

بڕیاری گرتنی مەرزەکانی ھەرێمی کوردستان لە ٢٦ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەرکراوە و، ھەردوو مەرزی نێودەوڵەتی، شوشمێ و پەروێزخان داخران، بەڵام بەغدا ھەردوو مەرزەکەی کردەوە و لە رۆژی ١ی شوباتەوە، سێ مەرزی فەرمی و ھەموو مەرزە لاوەکییەکان داخراون، بە داخستنیشیان وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، ھەزاران ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستانی بێکار کردووە.
عەبدولڕەحمان عەلی دەڵێ، "نزیکەی پەنجا مەرزی لاوەکی ھەن لە ھەرێمی کوردستاندا و زیاتر لە ٤٠ ھەزار ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان بژێویییان لەسەر ئەو مەرزانەیە، ئینجا ھەر لە کرێکارەوە بگرە تا دەگاتە بازرگان، بە داخستنی ئەو مەرزانەش زیاتر لە ٤٠ ھەزار کەس بێکار دەبن و کاریگەری لەسەر رەوشی ژیانیان دەبێت. بۆیە پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و شاندەکانی ھەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر کردنەوەی مەزرەکان بکەن."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌