2018-02-06

شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری لە 29ـیەمین كۆنفڕانسی ئایكاپ و 2ـەمین كۆنفڕانسی تایبەت بە رێگای ئاوریشمیدا كرد و، لە گوتارێكدا باسیان لە جێبەجێنەكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، سیاسەتی گۆشەگیركردن و نەبوونی باوەڕ بە شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا كرد، كە هۆكاری سەرەكین لە گەییشتنی عێراق بەو بارودۆخەی ئێستای.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رێكخراوی ئایكاپ، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و ئەندامانیان پێك هاتوون لە پارتە سیاسییەكانی وڵاتانی ئاسیا و ئامانجی سەرەكییان دروستكردن و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان پارتە سیاسییەكانی وڵاتانی ئاسیایە بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و كومەڵایەتی و ئابووریی نێوان گەلان و وڵاتانی ئاسیا، شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێك هاتبوو لە عەبدولسەلام زێباری و نووری فاخیر، لەگەڵ نوێنەری زیاتر لە 40 وڵات و سەركردایەتیی 100پارتی سیاسی لە ئاسیا، بەشدارییان كرد.

29ـیەمین كۆنفڕانسی ئایكاپ ئەمساڵ لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چو و، تێیدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئاسیا و ئەو گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی سیاسی و ئابوورین، كە بوونەتە بەربەست بۆ بە دەستهێنانی ئاشتی و خوشگوزەرانی.

تەوەرێكی دیكەی كۆنفڕانسی ئایكاپ كە گوتاری پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا خوێندرایەوە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ناسەقامگیری كە بووەتە یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری. گوتاری پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەلایەن عەبدولسەلام زێبارییەوە خوێندرایەوە، باسی لە هۆكار و لێكەوتەكانی تیرۆر و داگیركردنی بەشێكی خاكی عێراق لەلایەن داعشەوە كرد.

زێباری ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو كە جێبەجێنەكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و سیاسەتی گۆشەگیركردن و پێڕۆكردنی سیاسەتی تایفی و نەبوونی باوەڕ بە شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هۆكاری سەرەكین لە گەییشتنی عێراق بەو بارودۆخەی كە ئێستا تێیدایە. لە ئەنجامی پێشێلكردنی دەستوور و مافە رەواكانی گەلی كوردستان و بڕینی بەشەبووجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە و مامەڵەی نایەكسانی لەگەڵ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی روئیایەكی رۆشن و دیار بۆ داهاتوو، وای كرد هەرێمی كوردستان راپرسییەكی گشتی ئەنجام بدات كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی بنەماكانی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان نەبوو و، گەلی كوردستان لە پرۆسەیەكی دیموكراسیانەدا كە نوێنەری رێكخراوی ئایكاپ وەك چاودێر تێدا بەشداری كردووە، شاهیدی هەست و خۆشی و پاك و دروستی ئەو پرۆسەیە دەدەن.

 بەداخەوە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق وەك پیشەی هەمیشەیی لە پێشێلكاریی دەستووری، هێزی سەربازیی بەكار هێنا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی كە پێیان دەگوترێت ناوچەی جێناكوك و لە دەستووردا بە ڕوونی ئاماژەی پێ كراوە كە دەبێت بە پرۆسەی دەنگدان یەكلای بكرێتەوە. ئەم كارە نادەستوورییە بووە هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵك و تێكچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ.

زێباری هەروەها ئاماژەی دا، هەر لە سەرەتاوە حكوومەتی هەرێم باوەڕی تەوای بە گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. پاش چەند دیدارێكی نێوان سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، هیوایەك هەیە بۆ گفتوگۆكردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هێز.

 تەوەرێكی تری ئەو كۆنفڕانسە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر بۆ پڕۆژەی رێگای ئاوریشمی كە لەلایەن دەوڵەتی چینەوە پێشنیاز كراوە بۆ بەستنەوەی وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا پێكەوە لە ڕووی ئابوورییەوە و، سودێكی زۆر بەو وڵاتانە و دراوسێكانیان دەگەیێنێت، ژمارەی ئەو وڵاتانەیش 68 وڵات و لە سەدا %65ـی دانیشتووانی جیهان دەكات، كە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆكاری فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ ملیۆنان هاووڵاتی و هەرێمی كوردستانیش بێبەش نابێت لە سوودەكانی ئەم پڕۆژە مەزنەی دەوڵەتی چین.

لە میانەی بەشداریكردن لەو كۆنفڕانسەدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دیدار و چاوپێكەوتنیان هەبوو لەگەڵ دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئایكاپ و شاندی وڵاتانی ژاپۆن، مالیزیا، چین، ڕووسیا، نیپال، ڵاوس، كازخستان، كەمبۆدیا، ئێران، فەلەستین،  ئەرمینیا و جەند شاندێكی دیكە و، لەو دیارانەدا شاندی پارتی داوای پشتگیریی زیاتریان كرد بۆ دۆزینەوەی چارەیەك بۆ پرسی گەلی كوردستان و، پشتیوانیی زیاتر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌