2018-02-06

 مامۆستا و فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ساز دا و، دروشمی ڕاستەوخۆیان ئاڕاستەکانی عەبادی بوو. بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندەرانیش دەڵێ، پەیامەکانیان بە زمانی عەرەبیە و تایبەت ڕووی لە عەبادیـیە و، پێیدەڵێین "عبادی این وعودک الی متی الانتظار".

مانگ و نیوێک زیاترە، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق حەیدەر عەبادی، بە بیانوی ناردنی مووچە، مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەستی دەستی پێدەکات، لە ھەرێمی کوردستان لێژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی، چه‌ندین جار سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەم مەبەستە.
لێژنەی وردبینی لە بەغدا بۆ لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان چەندین جار ھاتنە کوردستان، بۆ وربینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ھەرێم، بەڵام  بەغدا وای بڵاو کردەوە، بڕی "٢٥٠" ملیار دینار بۆ بانکی مەرکەزی  لە ھەولێر ناردووە و، وەزارەتی داراییی هەرێمیش وەڵامی دایەوە و دەڵێ، ھیچ بڕەپارەیەکیان پێ نەگەیشتووە.

دروشمەکانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، بە زمانی عەرەبییە و تایبەت ڕووی لە حکوومەتی بەغدایە، "فرقوا بین لقمه‌ المواطنین والمنافسە السیاسیە"، "عبادی این وعودک الی متی الانتظار"، التلاعب بحیاه‌ المواطنین خیانە".
پەیوەست بەم ھێنانوبردنەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن "عەبادی"ـیەوە، مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ساز کرد، لەبەردەم پەروەردەی خۆرئاواوە بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێڕاق لە سلێمانی بەڕێکەوتن.

بەڕێوەبەری دەستەی ئامادەکردنی خۆپیشاندەرانی مامۆستایانی سلێمانی، عوسمان عەبدوڵڵا گوڵپی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کۆ بوونەوە. پەیامی مامۆستایان ڕووی لە عەبادی و عێڕاقە، داوامان لە حکوومەتی عێڕاقە ئەو بەڵێنانەی بە مامۆستا و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی داوە و چەند مانگێکە دەیڵێتەوە، با بیکەن بەکردار."

١ـی ٢ـی ٢٠١٨، وێڕای دڵناکردنەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆران لە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابوورییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ڕایدەگەیێنێت، بۆ دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکەیان ھیچ بڕەپارەیەکی لە بەغداوە پێنەگەیشتووە.
دارایی ھەرێمی کوردستان زانیاریی داوە کە، ٢٥ـی ١ـی٢٠١٨، بڕی"٢٥٠" دووسەد و پەنجا ملیار دینار لە بانکی ناوەندیی بەغدا نێردراوە بۆ لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە ھەولێر، بەڵام ئەم بانکە  پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمەوە نییە و، کارەکانیان لەژێر بڕیاری بانکی  ناوەندیدایە.

سەرباری ئەم ڕوونکرندەوەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم دڵنیایی دەدات،‌ کە بەردەوام دەبێت لەسەر دابەشکردنی مووچە و ھەر بڕەپارەیەک لە بەغداوە بێت، وەزارەتەکە رایدەگەیێنێت.


مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، با قووت و ژیانی خەڵک با نەبێتە ململانێی سیاسی لە عێڕاق، با ژیانی خەڵک نەبێتە ململانێی ھەڵبژاردنەکان و لە پێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی  و مانەوە لە سەر کورسی، با ھەڵبژاردنەکان ببێتە ھۆکارێک بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک نەک بەرژەوەندیی تایبەت.
بە گوتەی ئەو مامۆستایە، ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوە ھات چەندین جار بە نوێنەرایەتیی گشت مامۆستایان و فەرمانبەران سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی عێڕاقیان کردووە، کەچی ھیچ وەڵامیکی ڕاست و دروستیان وەرنەگرتووە، واتا "بێسود بوو".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌