2018-02-07

فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو دەستەواژەیە بە حەز و ئارەزووێكی باوكم دەست بەم نووسینەم دەكەم، باوكم دەیگوت: كوڕم بەر لەوەی تۆ لە دایك بیت، هەر كەسێك لە كۆڵانەكەمان خوا كوڕێكی پێبدابا دەچووم داوام لێیان دەكرد كە ناوی بنێن بە فارس و من حەزم لەو ناوە دەكرد، دەیگوت كەس بە گوێی نەكردم، هەموو جارێك نائومێدییان دەكردم، تا وای لێهات خێزانم پێكهێنا و خودا بە دڵی منیدا و تۆی پێبەخشیم جا ئەوكات گوتم كوڕی خۆمە و بە دڵی خۆم ناوی دەنێم.
منیش چەندین ساڵە ئومێد دەخوازم و دەڵێم خۆزگە رۆژێك دەمتوانی، دەمگوت: هەرچی دەیەوێت ببێت بە ئەندام پەرلەمان دەبێت كەسانێك بن دڵسۆزی ناو و نازناوی باوكییان بن شەرم بكەن، داوای پارە و سەروەت و سامان بكەن بە كورتی كەسانێك بن بڵێن ئێمە دەچین خزمەت دەكەین بۆ خاك و وڵات ناچین كرێگرتە بۆ مووچە و ئیمتیازات بەر لە ئێستاش لە وتارێكمدا لە رۆژنامەی خەبات، ژمارەی 5289 لە 12ی حوزەیرانی 2017 بەناونیشانی (پێشنیارێك بۆ هەڵبژاردن) نووسیم: خۆزگە كەسانێك دەچنە پەرلەمان كە رەفزی مووچە و ئیمتیازاتیان دەكرد و كەسانێك دەبوون نەك هەر پولەكی و پارەپەرست نەدەبوون، بەڵكوو خوێنی خۆیان بەخت دەكرد بۆ رێبازەكەیان و لە سەرەتاوە دەیانگوت: ئێمە ئامادەین بە مەسرەف و ماڵ و سامانی خۆمان خزمەتبكەین و ئەوەی دەڵێت من ناتوانم منیش دەڵێم قوربان شەرمی تێدانییە و دەتوانی لە دەرەوەی پەرلەمان خزمەت بكەین و ماڵ و منداڵی خۆت بە سەربەرزی بەخێو بكەین، گەر ئەوكاتە تاجریش بیت، بەڵام روورەش نابیت. من ئەو وتارەم زەمەنێكە نووسیوە وە هەر خاوەنی ئەم رەئیەم، خۆزگە و خۆزگە وا دەبوو ئەوەی نوێنەری من دەبوو بە كرێ و ئیمتیازات نوێنەرم نەدەبوو، من نوێنەرێكم دەوێت خۆرسك بێت و چاوی لە هەموو شتێك بێت، بە ئیمتیازات نەبێت كەچی دیارە من نائومێد بووم وەك باوكم، بۆیە هەر چاوەڕوانم گەر جارێكی تر لە گەڕەكەكەمان كوڕێك ببێت ناوی بە دڵی من بێت گەر هەر نەبوو، ئومێد دەخوازم خوا دەسەڵاتم بدات رۆژێك بڵێم من خۆم بڕیار بدەم كوڕەكەم ناوی چی بێت.
گەر نەگەڕێینەوە سەر رۆژانی عەقڵییەتی شاخ و بەرخودانی ببنە تەراش و پەنا بەردی چیاكانی كوردستان، گەر نەگەڕێینەوە بۆ برسییەتی و گیانفیدای باوك و باپیرانمان بێشك خۆمان لە دەستدەدەین ئامانج، بۆیە دەڵێم با پەرلەمانێك دروستبكەین كەسانێك پێشمەرگە بن تێدا وەك ئەو پێشمەرگانەی كە ئابوونەیان دەدا و نەیان دەزانی مەعاش چییە! كە شەهید دەبوون نەیاندەزانی لاشەیان لە ژێر چ بەردێك دەنێژرێت كە منداڵییان لە باوەشی دایك بەجێدەهێشت، نەیان دەزانی لە دوای خۆیان چارەنووسیان و ناویان چییە و چی دەبێت، چونكە چۆن ئێستا خەڵكێك شەڕ دەكات بۆ ئەوەی ناوی لەناو ئەو لیستە بێت. ئەوكاتیش خەڵك شەڕی دەكرد تا ناوی لە لیستی سەروەر و شەهیدان بێت، دەبا ئەمجارە پیاو بۆ شوێن دابنێین، شوێن بۆ پیاوان نەدۆزینەوە و بەڵێ پەرلەمان پێویستی بە كەسانێكە بە مەعنای كەلیمە پێشمەرگە بن گەر پێشمەرگە نەبن، دەبن بە بەڵا گەر نوێنەر نەبن، من و تۆ لە ناخەوە دەنگیان پێ نەدەین، ئەمجارە لەبەر خاتری خاتران بێت، جارێكی تر لە دەست دەردەچێت.

 *ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك).

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌