2018-02-07

بەهۆی بەرگریکردن لە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ پەرلەمانتاری کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە سزا دران کە دوو لەو پەرلەمانتارانە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانن.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2/2018 لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، سێ پەرلەمانتاری کورد بە تۆمەتی پێشێلکردنی بنەماکانی ڕەفتاری پەرلەمانتاری و پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، سزا دراون.

ئەو سێ پەرلەمانتارە لە (شاخەوان عەبدوڵا و سیروان عەبدوڵا ئیسماعیل)، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و مەسعوود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان پێکهاتوون.

بەپێی بەڵگەنامەکە، سزاکە بریتییە لە (سڕینەوەی وتەکانیان لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵپەساردنی ئەندامێتییان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ و بڕە پارەیەکیان لێ دەبڕدرێت بەرامبەر ئەو ڕۆژانەی ئەندامێتییان هەڵپەسێردراوە بەرامبەرە بەو بڕە پارەیەی پەرلەمانتارێک بەهۆی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لێی دەگێڕدرێتەوە).

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پەرلەمانتارانە بەهۆی پێداگرییان لەسەر داواکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی 2018ی عێراق، سزا دراون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌