2018-02-08

 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئێمە شێوازی ناڕەزایەتیی خۆمان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە دەگۆڕین و بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەین و ڕێگە نادەین بودجە پەسەند بکرێت، ئەمەش وا دەکات حکوومەتی عێراق لە کۆنفرانسی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق زیانی زۆری بەرکەوێت.

حکوومەتی عێراق بەڵێنی بە کورد دابوو، کە داواکاریی کورد لە پڕۆژەیاسای بودجە جێبەجێ بکات و لیژنەیەک لە نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی پێک ھێندرا بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەبارەی پشکی کورد لە بودجە ڕێککەوتن بکەن، بەڵام بریکاری وەزیری دارایی ئامادە نەبوو پێشوازی لە لیژنەکە بکات و کوردیش لە پەرلەمان ڕێگەی نەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە بکرێت، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەی بۆ حەفتەی داھاتوو دواخست.

لەمبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، عەرەفات کەرەم، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە شێوازی نارەزایەتیی خۆمان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە گۆڕیووە و، بەشداری لە کۆبوونەوەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە دەکەین و ڕێگەش نادەین گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و ڕێگریی لێ دەکەین، تاوەکو داواکاریی ئێمە جێبەجێ دەکرێت، یان نابێت ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەرێندرێت."

عەرەفات کەرەم  گوتی: "لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە نەکرێت، بەڵام گوێی لێ نەگرتین، بۆیە ئێمەش ڕێگەمان نەدا خوێندنەوە بۆ بودجە بکرێت، چونکە عەبادی خاوەن بەڵێنی خۆی نەبووە لە جێبەجێکردنی دواکاریی ئێمە."

کەرەم گوتیشی: "بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی دابێ درێژە بە کۆبوونەوەی دووشەممەی ڕابردوو بدرێت لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و ڕۆژی دووشەمەی داھاتووش کۆنفرانسی کوێت لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەگەر دواکاریی کورد جێبەجێ نەکرێت و تا ئەوکاتەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری وڵاتان دەبنەوە و زیانی زۆریش دەکەن و کۆنگرەکەش وەکو پێویست سەرکەوتوو نابێت، چونکە کورد پێکھاتەیەکی سەرەکییە لە عێراق و ناکرێت پشتگوێ بخرێت و پڕۆژەیاسای بودجەش پەسەند ناکرێت."

بڕیارە ١٢ی ئەم مانگە لە کوێت کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەڕێوە بچێت و تا ١٤ی مانگ بەردەوام دەبێت و چەندین وڵاتی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەکەن و کۆمەک و ھاوکاری بۆ عێراق کۆ دەکرێتەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌