2018-02-08


ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لەپەراوێزخستنی کورد، ئەوه فراکسیۆنە کوردستانیەکان یەک دەنگن و بڕیاریان داوە ئەم هەفتەیە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن بۆ کشانەوەی یەکجاری لەپڕۆسەی سیاسی عێراق، چونکە وەك پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، حکومەتی عێراق، نایەوێت داواکانی کوردجێبەجێ بکات، بۆیە باشترین بژاردە کشانەوەیە لەم کابینەیەی حەیدەر عه‌بادی.

ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە كوردستان24 راگەیاند: "داوا لە عەبادی دەكەین یەك مووچە بدات نایدات، پێیدەڵێین پێشینەیەك خەرج بكە با مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان خەرج بكرێت تا وردبینییەكە تەواو دەبێت، بەڵام ئەوەش ناكات، ئەوە پەیامی عەبادییە كە نایەوێت بە ھیچ شێوەیەك كێشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكات و مافی كورد لە عێراق بسەلمێنێ".

لەبارەی ئەگەری كشانەوەی كورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، کامیل زیدی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە كوردستان24 گوت: "پێشنیازێكم كردووە و ھەندێك لە برا كوردەكان قایل بوون بە پێشنیازەكەم، گوتم با مووچەی ھەموو مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی حكومەتی عێراق خەرج بكرێت".

گوتیشی: "ئەم كێشەیە كاتییە، ھیوادارم دۆخەكە نەگاتە ئەو رادەیەی كورد بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بدات، چونكە ئەگەر بڕیارێكی لەمشێوەیە بدەن زۆر خراپ بەسەر كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق دەشكێتەوە، بۆیە داوا دەكەم پەلە نەكەن لە بڕیاردان، چونكە كێشەكان چارەسەر دەبن".

دوای چەندین كۆبوونەوە، تا ئێستا داواكانی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2018 عێراق جێگیر نەكراوە، بۆیە شیعەكان ھانایان بۆ سوننەكان بردووە، تا بە زۆرینەی دەنگ خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە بكەن و تێیپەڕێنن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌