2018-02-08

دڵشاد مستەفا وەسانی

كورد قوربانیی درۆی مافی مرۆڤ و برای ئیمان و ئایینە، نەتەوەكانی سەردەست بە ناوی ئایینەوە خاكیان داگیركردووین، رەنگ و روخساری ئێمەیان وەك نەتەوە نەویستووە، وەك برای ئیمان و هاوئایینیش مامەڵەمان لەگەڵ نەكراوە، بە پێچەوانەوە، هەر كاتێك ویستبێتیان خەسڵەتی نەتەوەییمان شوێنبزر بكەن، شاڵاوی لەناوبردنی بەردەوامیان كردۆتە سەرمان، هەموو جاریش پەنا دەبەنەوە بەر ئایین و لەبەر رۆشنایی دەقێكی قورئاندا، شەرعیەت دەدەنە شاڵاوەكانیان.
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، سەدام حوسێنی سەرۆكی عێراق (سورەتی ئەنفال) ی بۆ قڕكردنی كورد بەكارهێنا، لە سەدەی بیست و یەكەمیشدا، بۆ پەلاماردانی عەفرین لە مزگەوتەكانی توركیا (سورەتی فەتح) خوێندرا، لە هەردوو حاڵەتدا خواستی فراوانخوازیی عەرەب و تورك، شەرعیەتێكی ئایینی وەرگرتووە، بۆیە توانیویانە لە جیهانی ئیسلامدا، زەمینە بۆ پرۆسەی لەناوبردنی كورد برەخسێنن، بە جۆرێك كە دژایەتیكردنی كورد، یەكسان بێت بە جێبەجێكردنی ئەركی ئایین، هەر بۆیەشە ئەو جیهانەی ئیسلام خۆی لێ بێدەنگ كردووە.
چەوساندنەوەی كورد بازاڕی بۆ دەوڵەتە بەهێزەكان پەیدا كردووە، ئەگەرچی ئەو دەوڵەتانە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەكەن، بەڵام زۆر جار جڵەویان بۆ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان شل كردووە پەلاماری كوردستان بدەن و بە بەر چاوییانەوە كورد بكوژن، زۆر دوور ناڕۆین، لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 بەغدا بە هاوكاریی ئێران و توركیا و دەستكێشیی ناوخۆ پەلاماری كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی دیكەی دا، چی نەما بە كوردی نەكەن، لە كوشتن و هەتككردن و ماڵ تاڵانكردن و سوتاندن، لە 20 ی كانوونی دووەمی 2018 توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بە ناوی چڵە زەیتون بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین دەستپێكردووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە تۆپ و فڕۆكە و هێرشی زەمینی سوپا و هێزەكانی سوپای ئازادی سوریا پەلاماری كورد دەدرێت، هێزەكانی سوپای ئازادی سوریا، زۆر ئازادانە لەبەر چاوی هەموو جیهان بە جیهانی ئیسلامیشەوە، ژن و منداڵ دەكوژن، بە شانازییەوە سوكایەتی بە قوربانییەكان دەكەن و جەستەیان دەشێوێنن.
ئەگەرچی دەوڵەتە بڕیار بەدەستەكانی جیهان، تا بەرژەوەندییەكانیان نەیخواستبێ، ئامادە نەبوون گوێ لە هاواری كورد بگرن، بەڵام راستییەكیش هەیە نابێ فەرامۆش بكرێت، ئەویش ئەوەیە بەدرێژایی مێژوو هەر دەرفەتێكمان بۆ هەڵكەوتبێ بەهۆی ئەو دەوڵەتە بەهێزانەوە بووە، نموونەش ئەم واقیعەی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر هیممەتی ئەوان نەبوایە، مەحاڵ بوو لە سەرزەمینێكی بە گەلەگورگ دەورەدراو بۆمان چووبایە سەر، لەو ماوەیەدا دەوڵەتانی داگیركەر هەركاتێك بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان هەست پێكردبێ سڵیان لە دژایەتیكردن و پەلاماردانمان نەكردۆتەوە.
بەدرێژایی مێژوو ئەو درۆ گەورەیە پشتی شكاندووین، بۆیە بە ئیجازەی شارەزایانی بواری ئایین، دەڵێم هەرگیز كورد لە چوارچێوەی ئایین و ئیمانەوە برای تورك و عەرەب و فارس نەبووە و نییە، مافی مرۆڤیش هەقایەتێك بووە، خۆش گوێمان لێگرتووە و گێڕاومانەتەوە، بەڵام هەر كڵاشمان دڕاوە و هیچمان پێ نەبڕاوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌