2018-02-12

لە روونكردنەوەیەكدا پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی رێگەنەدان بە پەرلەمانتار سالار مەحموود، كە لەگەڵ شاندی پەرلەمان بچێتە رۆژئاوای كوردستان، رایدەگەیەنێت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناوی پەرلەمانتارێكی دیكەی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكە بچێتە عەفرین، ھەروەھا فراكسیۆنەكان لە دیاركردنی نوێنەر بەرپرسیارن نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان، رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە وەفدی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە.

لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھاتووە: "سالار مەحمود، بەبێ ئەوەی داواکاریی پێشوەختی ھەبووبێ بۆ بەشداریکردن لە شاندەکە، لە رۆژی رۆیشتنی شانده‌كه‌ بەبێ ئەوەی ئەندامی شاند بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کارئاسانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و رۆژی رۆیشتنی شاندەکەش رۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بکرێت بۆ شاندەکەی پەرلەمان".

سەرۆكایەتی پەرلەمان روونیكردووەتەوە: "دیاریکردنی نوێنەری فراکسیۆنەکان بۆ شاندی فەرمی تەنھا فراکسیۆن لێی بەرپرسیارە نەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دیوانی پەرلەمان. بۆ رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە شاندی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە. بۆ تێپەڕاندنی سنووری ھەرێمی کوردستان پێویستە رەزامەندیی فەرمی و یاسایی ھەبێت".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌