2010-05-18

 وه‌زیری شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم ئاشكرایكرد، له‌م مانگه‌دا گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی حه‌مرین ده‌ست به‌هه‌ڵدانه‌وه‌یان ده‌كرێ و  وه‌فدێك ده‌چێته‌ شوێنی گۆڕه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی پێویستییه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانیش 2 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌و شوێنه‌ هه‌یه‌ و ته‌رمی 70 ئه‌نفالكراوی تێدایه‌.

مه‌جید محه‌مه‌د ئه‌مین وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان به‌ ئاكانیوزی راگه‌یاند: بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی حه‌مرین ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت په‌یوه‌ندیمان به‌وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی ئیراق كردووه‌ كه‌ لایه‌نی ره‌سمییه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێستا ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌كرێت.

وتیشی:  سه‌ردانی شوێنه‌كه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی پێداویستییه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ ئاماده‌ بكه‌ین .

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 400گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌ ئێراق هه‌یه‌ و له‌ 80%ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئێراق ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای سه‌ماوه‌ له‌ باشووری ئێراق و 80%ی ته‌رمی نێو ئه‌و گۆڕانه‌ش كوردن.

تا ئێستا وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان 503 ته‌رمی بارزانییه‌كان و 358 ته‌رمی ئه‌نفالی دۆڵی جافایه‌تی و 187 ئه‌نفالی گه‌رمیان و 104 منداڵ و 2 ژنی چه‌مچه‌ماڵ و 33 شه‌هیدی ڕاپه‌ڕینی خانه‌قین و 24 ئه‌نفالی شاخكێی دهۆكی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌