2018-04-16

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدات و بە زووترین کات یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەربکرێت.

لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە زۆرینەی ئەندامانی فراکسیۆنەکە ئامادەی بوون، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاند: ”بە مەترسی دەزانین یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەستی دەستی پێ بکرێت، ئێستا هەست بە بوونی هەوڵێک بۆ موماتەڵەکردن بەو یاسایە دەکرێ“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان لە دەرکردنی یاساکە جددین و ئاماژەی بەوە کرد: ”هەموو هەوڵمان دا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆژەیاساکە. تائێستا جددیەتێک لە تێپەڕاندنی یاساکە نابینین، بۆیە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەمان کە بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و نوێنەرانی حکوومەت بکرێ، نەکرا، بۆیە دوو داوامان هەیە، یەکەم، بە فەرمی داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە سبەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە. دووەمیش، یاداشتێکمان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوامان کردووە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات، بۆ دەرکردنی یاساکە بە زووترین کات“.

ئومێد خۆشناو داوای کرد، یاساکە نەخرێتە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن. لە بارەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانیش دووپاتی کردەوە: ”فراکسیۆنی پارتی ئامادەن تا گەیشتنی نەمانی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران، پشتیوانی لەو یاسایە بکات. ئێمە پشتیوانی لە پڕۆژەکەی حکوومەت دەکەین، داوای بەرکارکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی کراوە بۆ پلە تایبەتەکان، ئەمەش خراپ نییە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە تا نەهێشتنی تەواوەتیی خانەنشینیی پەرلەمانتاران، پشتیوانی لە دەرکردنی یاسای چاکسازی دەکەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی دەرکردنی یاساکەوە، پاشەکەوتی مووچە نامێنێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکرێ کە مانگانە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە دابەش بکات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌