2010-05-18

سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ جه‌لال تاڵه‌بانی داوای له‌ لیسته‌ براوه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئێراق (7/3/2010) كرد، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی نوێی ئێراق تاوتوێ بكه‌ن.
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا ئه‌ندامی لیستی ئێراقییه‌ ئوسامه‌ نوجێفی رایگه‌یاند، لیسته‌كه‌یان خۆشحاڵه‌ به‌و بانگهێشت و داوایه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی.
گوتیشی  لیستی عێراقییه‌ سازش له‌سه‌ر مافی خۆی ناكات بۆ وازهێنانی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی داهاتووی وڵات .
نوجێفی گوتیشی   ئه‌و بانگهێشته‌ی سه‌رۆك كۆمار جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و كارێكی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك كۆببنه‌وه‌ و بۆچوونه‌كانییان له‌ یه‌ك نزیكبخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبدرێت؛ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان دان به‌و راستییه‌دا بنێن، كه‌ لیستی عێراقییه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی وڵات بووه‌ و دان به‌ مافی ده‌ستووری عێراقییه‌دا بنێن".
به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 76ی ده‌ستووری ئێراق له‌ دوای به‌رِێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لیستی براوه‌ ده‌توانێت حكومه‌تی وڵات دروست بكات، به‌ڵام له‌ سه‌ر داوای سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالكی دادگای باڵای ئیتحادی برِیاریدا ئه‌و لیسته‌ی، كه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنێت حكومه‌تی نوێی وڵات دروست بكات.
به‌ گوێره‌ی ئه‌و برِیاره‌ له‌ دوای یه‌كگرتنی هه‌ردوو ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئیئتلافی نیشتمانی ئێراق گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانن و ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ حكومه‌ت دروست بكه‌ن ئه‌مه‌ش كێشه‌ی له‌ نێوان عه‌لاوی ( نوێنه‌رایه‌تی سوننه‌كان ده‌كات) و لیسته‌كانی دیكه‌ی شیعه‌دا دروست كردووه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌