2010-11-02

پێشەكی بەخێرهاتنی بەڕێز خاتوو ئان ماری ئیدراك وەزیری بازرگانی فەرەنسا و بالیۆزی فەرەنسا لە ئێراق دەكەم، هەروەها سوپاسی بەڕێز كونسولی فەرەنساش دەكەم كە ئەم دەرەفەتەی بۆ رەخساندنین 

پەیوەندی گەلی كوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەكی مێژووییە و هەمیشەش بە شێوەیەكی دۆستانە بووە، هەمیشە لە هەموو سەردانەكانمان بۆ پاریس هەستی ئەوەمان كردووە كە سۆزێكی تەواو هەیە لە فەرەنسا بەرامبەر بە كێشەی گەلی كوردستان، ئێمە ئەوەمان هەستپێكردووە لە سەردەمی بەڕێز جەنەراڵ دیگۆڵ و سەرۆك میتران و دۆستی شەخسیم ئێستا سەرۆك ساركۆزی، سەردانی من بۆ فەرەنسا لە مانگی حوزیرانی رابردوو پێموایە هەنگاوێكی زۆر زۆر گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دوو قۆڵمیان، هەروەها هەر چاوەڕوانین ئەو دەرفەتە بڕەخسێ هەر وەكو جەنابی سەرۆك ساركۆزی بەڵێنی پێدام سەردانی كوردستان بكات و لێرە پێشوازی لێ بكەین. بڕیاری ئێمە ئەوەیە كە لە هەموو بوارێكدا زۆر بە گەرمی بەرەوپێشبچین بۆ دامەزراندنی چاكترین پەیوەندی لە گەل فەرەنسا لە هەموو بوارێكدا، ئەمڕۆش كە من لێرە ئامادەم بۆ ئەوەیە نیشان بدەم كە ئێمە چەند گرنگی بە بواری كشتوكاڵ دەدەین، ولاتی ئێمە زۆر لە بارە بۆ بەرهەم هێنانی كشتوكاڵ و كشتوكاڵیش سەرچاوەیەكی هەمیشەیی ژیانە بۆ میللەتی ئێمە، بە حكومی ئەو ئەزموونە زۆرەو توانایە لە بواری تەكنەلۆژیا هەیەتی وڵاتی فەرەنسا دەتوانێت زۆر یارمەتی ئێمە بدات لەم بوارەدا،دووبارە دەكەمەوە نەك تەنیا لە بواری كشتوكاڵ بەڵكو لە هەموو بوارەكانی دیكەشدا بە گەرمی بە خێرهاتنی كۆمپانیا فەرەنسییەكان دەكەین و هانیاندەدەین روو لە كوردستان بكەن و هەروەها دەكرێ كوردستان ببێتە پردێكیش بۆ ناوچەكانی دیكەی ئێراق، جارێكی دیكە بە گەرمی بە خێرهاتنی جەنابی وەزیری بارزگانی و بەڕێز سەفیر بۆ شاری هەولێر دەكەم 

زۆر سوپاس

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌