2010-05-18

 ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كۆبووه‌وه‌. تێیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، كه‌ بریتیبوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌خستنه‌روو و گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاسای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی ومافی مرۆڤ كرد، دوا دارشتنه‌وه‌ی مادده‌ی سێیه‌می ئه‌سڵی پرۆژه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌، كه‌ له‌دانیشتنی پێشوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چه‌ند پێشنیازو وتێبینیه‌كی له‌باره‌وه‌ درابوو ، دواى ئه‌وه‌ى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ مادده‌كه‌ به‌ئه‌نجامی 72ده‌نگ به‌رامبه‌ر 10 ده‌نگ په‌سندكرا.
پاشان مادده‌ی چواره‌می ئه‌سڵی پرۆژه‌كه‌ خرایه‌روو، تایبه‌تبوو به‌مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندن وكاری سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ و له‌سێ برگه‌ پێكهاتبوو، راپۆرتی هاوبه‌ش پێشنیازی دارشتنه‌وه‌ی هه‌ردوو برگه‌ی دووه‌م وسێیه‌می مادده‌كه‌ی كرد، ژماره‌یه‌كی زۆری په‌رله‌مانتارانیش چه‌ندین پێشنیازو تێبینیان له‌سه‌ر مادده‌كه‌ خسته‌روو، له‌به‌ر زۆری پێشنیاز و تێبینییه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بریاری دواخستنی گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاساكه‌ى دا بۆ دانیشتنی سه‌عات 3ی پاشنیوه‌رۆی سبه‌ی و  داوای له‌ لیژنه‌ی یاسایی كرد پوخته‌ی پێشنیاز وتێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران گه‌ڵاڵه‌ بكات و پێداچوونه‌وه‌ بۆ كۆی مادده‌كانی دیكه‌ش بكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌