مەحموود عوسمان: سبەی كوتلە سیاسییەكان بەسەرپەرشتی سەرۆك كۆمار كۆدەبنەوە |
2010-05-18 |
 |
|
|
مەحموود عوسمان ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستان ڕایگەیاند: بەڕێز جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئیراقی فیدراڵ ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆك و ئەندامانی كوتلە سیاسییەكان بۆ نیوەڕۆ خوانێك بانگ دەكات بە مەبەستی نزیككردنەوەی ڕاوبۆچوونی نێوانیان. مەحموود عوسمان گوتی: لە كۆبوونەوەیەكدا ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو لەگەڵ لیستە كوردییەكان و بەرپرسە كوردەكانی بەغدا پێیڕاگەیاندین، داوەتكردنەكە تاوتوكردنی دواپەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی لە وڵاتدا لەخۆدەگرێت. هەروەها گوتی: ئەو داوەتكردنەی سەرۆك كۆمار بۆ كوتلە سیاسییەكان بە شێوەیەكی گشتی هەنگاوێكی ئیجابییانەیەو دەستپێشخەریەكە بۆ لێكتێگەیشتنی كوتلە سیاسییە جیاوازەكان. مەحموود عوسمان ڕوونیكردەوە، كە ئەو گرێ كوێرە سەرەكییەی ڕووبەڕووی كوتلە سیاسییەكان دەبێتەوە مەسەلەی پۆستی سەرۆك وەزیرانەو ئەگەر ئەوە چارەسەركرا لەسەر پۆستە سیادیەكانی دیكە كە ماون بە ئاسانی ڕێككەوتن دێتە ئاراوە. |
|
|
|
|